واشنتن بۆ سەردانەکەی بایدن بۆ ئۆکرانیا گەرەنتی ئاسایشی لە مۆسکۆ وەرگرتبوو
K24 - واشنتن
رۆژی دووشەممە جۆو بایدن سەرۆکی ئۆکرانیا بە سەردانێکی لە ناکاو و رانەگەیەندراو گەیشتە کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی کۆبوویەوە.
بایدن زیاتر لە پێنج کاتژمێر لە کیێڤ مایەوە، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا، وێرای شەنوکەوکردنی بەرنامەکانی داهاتوویان، رێزیان لەو سەربازانە گرت کە لە شەڕی نێوان ئۆکرانیا و رووسیادا کوژراون. هەروها دوو لایەن کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە کیێڤ بەسەر کردەوە.
بەرپرسانی رووسیا و دەزگاکانی راگەیاندنی مۆسکۆ هەوڵیاندا لە بایەخی ئەو سەردانە کتوپڕەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پایتەختی ئۆکرانیا کەم بکەنەوەو رایانگەیاند: ''ئۆکرانیا دەستکەلای ئەمەریکایە و هێزەکانی رووسیا، سەرەڕای بەڵێن و هاوکارییەکانی واشنتن بۆ ئۆکراینا، بەسەر هێزەکانی کیێڤدا سەرکەوتوو دەبن''.
سەرۆکی ئەمەریکا لە سەردانەکەیدا رایگەیاند، کە نیو میلیار دۆلاری دیکە بۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا دابین دەکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێشتر واشنتن بڕی 50 میلیار دۆلاری بۆ ئوکرانیا دژ بە رووسیا تەرخان کردوە.
میدیاکانی رووسیا بە چڕی رووماڵی سەردانەکەی بایدنیان کردو رایانگەیاند کە روونە ''بایدن شتەکان لە ئۆکرانیا بەڕێوەدەبات و زیلینسکی وەکوو خزمەتکارێک لە تەنیشک بایدەن دەرکەوتوە''.
هاوکات بەرپرسانی رووسیا پێیان وابوو بایدن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 خۆی بەربژێر دەکاتەوەو سەردانەکەی ناوبراویان بۆ کیێڤ بە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژرادن وەسف دەکرد.
جێگری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ رایگەیاند: ''بایدن بەر لەسەفەرەی بۆ کیێڤ گرەنتی پارێزراوی دراوەتێ''.
لەم بارەوە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گوتی: ''ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی بایدن واشنتنی جێهێشت، ئەمەریکا مۆسکۆی سەبارەت بە سەردانەکەی بایدن بۆ کیێڤ، ئاگادار کردووەتەوە، ئەوەش بە مەبەستی خۆ بە دوورگرتن لە لێکدانەوەی بە هەڵە کە ببێتە هۆی ئەوەی دوو وڵاتە زلهێزەکەی جیهان، راستەخۆ بکەونە ململانێوە''.