راستی پێشبینیکردنی بوومەلەرزەیەک لەلایەن زانا هۆڵەندییەکەوە

K24 - هەولێر:

فرانک هوگەربیتس، زانایەکی هۆڵەندی پسپۆڕی بواری بوومەلەرزەناسی رایگەیاند، پێشبینی هیچ بوومەلەرزەیەکی لە ناوچەکانی ئەفغانستان، پاکستان و هیندستان نەکردووە.

ئەو پسپۆڕە هۆڵەندیە لە تویتێکدا رەتی کردەوە پێشبینی هیچ بوومەلەرزەیەکی لە (ئەفغانستان، پاکستان، هیندستان) کردبێت.

ئەو پسپۆڕەی بواری بوومەلەرزەناسی لەدوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەمساڵەوە، بەهۆی شیکارییەکانی لەبواری بوومەلەرزەناسیدا، بووەتە کەسێکی ناودار و چەندین هەژمار و پەیجی ساختەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی ئەوەوە دروستکراون و هەواڵی ناراست بلاودەکەنەوە.

فرانک هوگەربیتس لە نوێترین تویتیشدا ئاماژەی بەوەدا، کە چەند کەسێک بەناوی ئەوەوە وێبسایتێکی ساختە و هەژمارێکی ئینستاگرامیان دروستکردووە، گوتیشی "هەژماری ئینستاگرامەکە ئێستا 18 هەزار فۆڵۆوەری هەیە".