وەزارەتی بەرگری بەریتانیا: مۆسکۆ چاوی لەوەیە درۆنی زیاتر لە ئێرانەوە هاوردە بکات

ژماره‌یه‌ك درۆنی ئێرانی له‌ تونێلێكدا نمایشكراون
ژماره‌یه‌ك درۆنی ئێرانی له‌ تونێلێكدا نمایشكراون

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکرد، درۆنە ئێرانییەکان لە رووسیا تەواوبوون و مۆسکۆ چاوی لەوەیە درۆنی زیاتر لە ئێرانەوە هاوردە بکات.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بڵاویکردەوە، زیاتر لە 10 رۆژە رووسیا لە هێرشەکانیدا هیچ درۆنی ئێرانی بەکارنەهێناوە، بەپێی ئەو زانیارییانەش وەزارەتی بەرگری دەستیکەوتوون، رووسیا پێدەچێت هیچ درۆنێکی ئێرانی بەدەستەوە نەمابێت و چاویشی لەوەیە درۆنی زیاتر لە تارانەوە هاوردەی بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا چەک و مووشەکەکانی رووسیا بەو پێیەی مەبەستیانە ئامانجەکانیان لە خاکی ئۆکرانیا ناپێکن.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکانی بەریتانیا، رووسیا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە بەردەوام لە هێرشەکانیدا درۆنی ئێرانی شاهید-136 بەکارهێناوە، بەڵام زیاتر لە 10 رۆژە هیچ درۆنێکی ئێرانی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا بەکارنەهێناوە.