وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: بەهۆی وڵاتانی دراوسێوە %70ی بەشە ئاومان لەدەستداوە

.
.

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، بەهۆی سیاستەکانی وڵاتانی دراوسێوە، عێراق %70ی پشکی ئاوی خۆی لەدەستداوە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، خالد شمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرایکرد، دۆخی ئاو لە عێراق ناهەموارە و ناتوانن فشار لە رووبارەکان بکەن بەهۆی کەمی ئاوەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق باسی لەوەشکرد، وەزارەتەکەیان دوو ئامانجیان هەیە یەکەم دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ئامانجەکەی دیکەش پێدانی بەشە ئاوی پێویستە بە کشتوکاڵ.

خالد شمال ئەوەشیخستەڕوو، کە حکومەتی پێشوو هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا و ئێران ئەنجامنەداوە کە ناچاریان بکات پابەندبن بە ناردنی بەشە ئاوی عێراق ئەوەش وایکردووە، %70ی ئەو بەشە ئاوەی پێویستە نەینێرن.