وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێشبینی دەکات چەند رۆژی داهاتوو بۆ وڵاتەکەیان سەختبێت
K24 - هەولێر:
یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "پێشبینی دەکەین چەند رۆژی داهاتوو بۆ ئێمە لە کەرتی غەززە و ئۆرشەلیم و کەرتی رۆژئاوا زۆر قورسبێت".
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، لە کاردانەوەی هێرشێكی چەکداریدا کە دوو ئیسرائیلی تێدا کوژران، ژمارەیەک هاووڵاتی ئیسرائیلی، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی هوارەی کەناری رۆژئاوا و لە ئەنجامدا زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ناوچەکە کەوت و، باس لەوەش دەکرێت کە لەو هێرشەدا هاووڵاتییەکی فەڵەستینی کوژراوە.
هەر بۆیە وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە رێنمایی تەواوی بە وەزارەتی بەرگری و تەواوی هێزەکانی سەرسنوور داوە و رایسپاردوون لە ئامادەباشیدابن و رووبەڕووی هەموو هەڕەشەیەک ببنەوە.
یۆواڤ گاڵانت داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دانبەخۆیاندا بگرن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا، یاسا سەروەرە و داواشیان لێدەکەم پابەندی یاساکان بن و متمانەیان بە هێزەکانی ئیسرائیل هەبێت.