كۆشكی سپی تیكتۆک قهدهغه دەکات

K24 - هەولێر
رۆژی دووشهممه، کۆشکی سپی، فەرمانی بە دەزگا فیدراڵییەکان کرد، کە لە ماوەی 30 رۆژدا ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لەسەر مۆبایل و ئامێرەکانیان قەدەغە بکەن، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە، بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، کە کۆمپانیای "بایت دانس"ی چینی خاوهندارێتی دەکات.
سەرۆکایەتی ئەمەریکا رایگەیاند، فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی فەرمانی بە سەرجەم وەزارەت و دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا کردووە، كه لە ماوەی 30 رۆژدا بڕیاری قەدەغەکردنەی تیكتۆك جێبەجێ بکەن، ئهمهش لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا، بە یاسایەک کە لەلایەن کۆنگرێسەوە دەرچووە و قەدەغە کراوە، بۆ دابەزاندنی بەرنامەکە لەسەر هەر ئامێرێک یان مۆبایلێک کە سەر بە حکومەت بێت.
ئهم یاسایه لەلایەن جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا دهرچووه، شالاندا یۆنگ بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی، نووسراوێکی ئاڕاستهی سهرجهم دام و دهزگاكانی حكومهتی كردووه.
لە نووسراوەکەدا، یۆنگ فەرمانی بە دەزگا و بەش و دەزگا جیاوازەکانی حکومەتی ئەمەریکا کردووە، کە ئهپڵیكهیشنی تیكتۆك، لەسەر ئەو ئامێرانە لاببهن هەروەها "رێگری لە پەیوەندی ئۆنلاین" لەنێوان ئەو ئامێرانە و ئەپەکەدا بکەن.
ئەم بڕیارەی ئەمەریکا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بڕیارێکی هاوشێوەی حکومەتی کەنەدا دەرچووە، بەپێی ئەو بڕیارە دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنەکەی لەسەر هەریەکێک لە مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی قەدەغە کردووە، چونکە "ئاستێکی قبوڵنەکراوی مەترسییەکانی لەسەر تایبەتمەندی و ئاسایشی تێدایە".
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی ئەوروپاش ئەو ئهپڵیكهیشنهی لەسەر ئامێرەکانی قەدەغە کرد.