لە پێکدادانی نێوان دوو شەمەندەفەر لە یۆنان لانیکەم 32 کەس گیانیان لەدەستدا

وێنەی رووداوەکە
وێنەی رووداوەکە

K24 - هەولێر:

لە پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە نزیک شاری لاریسا لە یۆنان، لانیکەم 32 گیانیان لەدەستدا و 85 کەسی دیکەش برینداربوون.

ڤاسیلیس ڤاتراکۆجیانیس، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەواڵەکەی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، یەکێک لە شەمەندەفەرەکان بۆ گواستنەوەی بار بووە و ئەوی دیکەیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان، کە 350 سەرنشینی تێدا بووە، بەهۆی ئەوەی سێ گالیسکە رێڕەوی خۆیان تێپەڕاندووە، پێکدادانەکە روویداوە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی باسی لەوەکرد، لە رووداوەکەدا لانیکەم 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەسیش برینداربوون، کە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

میدیاکانی یۆنان پێكدادانی دوو شەمەندەفەرەکە بە "خراپترین رووداوی شەمەندەفەر ناودەبەن کە تا ئێستا یۆنان بینیبێتی".

نزیکەی 150 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و 40 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیەندراوەنەتە شوێنی رووداوەکە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی گشتی ERT، دوای پێکدادانەکە یەکێک لە گالیسکەکانی شەمەندەفەرەکە گڕی گرتووە و چەند کەسێک لەنێویدا گیریان خواردووە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی راشیگەیاند، 194 کەس بە پاس گواستراونەتەوە بۆ شاری تێسالۆنکی، لەو ژمارەیەش 26ـیان گەیەندراوەنەتە نەخۆشخانە.