بۆچی حكومه‌تی به‌ریتانیا ده‌یویست هه‌موو پشیله‌كان له‌ناو ببات؟

K24 - هەولێر

وەزیرێکی پێشووی بەریتانیا ئاشکرایکرد، لە رۆژانی هاتنی سەرەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا حکومەت بیری لەوە كردووه‌ته‌وه‌ کە پێویستە هەموو پشیلە ماڵیەکان لە وڵاتەکەدا لەناوببرێت.

جه‌یمس بیسیل، وه‌زیری پێشووی ته‌ندروستی به‌ریتانیا به‌ كه‌ناڵی 4 نیوزی راگەیاند، لەو کاتەدا روون نه‌بوو کە ئایا پشیلە ماڵییەکان دەتوانن ئەو ڤایرۆسە بگوازنەوە یاخود نا،  کە دەیان ملیۆن کەس تووشبووه‌ و ئابووری جیهانی داڕوخان کردووە.

بیسیل لە درێژەی قسەکانیدا  گوتی: نابێت لەبیرمان بچێت کە چەند کەم لەو نەخۆشییە تێدەگەین، نەماندەزانی ئاژەڵە ماڵیەکان دەتوانن نەخۆشییەکە بگوازنەوە یان نا.

وه‌زیره‌كه‌ی پێشووی بەریتانیا ده‌شڵێت :لە راستیدا ئه‌وكات  بیرۆکەیەک هەبوو کە رەنگە ناچار بین داوا لە خەڵک بکەین هەموو پشیلەکان لە بەریتانیا لەناو ببەن، دەتوانن بیهێننە بەرچاوتان کە ئەگەر ئێمە ئەوەمان بکردایە چی رووی دەدا؟.

لە مانگی تەمموزی 2020 و کاتێک بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتبووە لوتکە، حکومەتی بەریتانیا هۆشدارییەکی دایه‌ خاوەن پشیلە و ئاژەڵە ماڵییەکان کە ماچیان نەکەن، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی پشیلەیەکی مێیه‌ی سیامی بوو بە یەکەم ئاژەڵی ناسراو لە وڵاتەکەدا کە تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوو.

 مارگریت هاوسی، مامۆستای ڤایرۆسناسی لە زانکۆی گلاسکۆ کە سەرکردایەتی بەرنامەی پشکنینی پشیلەی کردووە، ئامۆژگاری خاوەن پشیلەکانی کردووە کە "زۆر به‌ وردی پاک و خاوێنی رەچاو بکەن" لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکانیان.