ئەمەریکا ژمارەیەک کۆمپانیای رووسی و چینی دەخاتە لیستی رەشەوە
K24 - هەولێر:
وەزارەتی بارزگانی ئەمەریکا 37 کۆمپانیا و دامەزراوەی خستە لیستی رەشەوە و زۆرینەیان کۆمپانیای رووسی و چینین.
وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا بەتۆمەتی پشتیوانیکردن لە سوپای رووسیا و ئاسانکاری کردن بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە چین و میانمار، سزای بەسەر 37 دامەزراوە و کۆمپانیادا سەپاند و خستنییە لیستی رەشی وڵاتەکەیەوە.
لەنێو لیستەکەدا چەند کۆمپانیایەکی رووسی و چینی و بێلاڕووس هەن. هەروەها سێ کۆمپانیا لە میانماڕ و چوار کۆمپانیا لە پاکستان و کۆمپانیایەک لە تایوان لەناو لیستی سزاکانی دیوانی ئاسایش و پیشەسازی کە بەشێکە لە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا هەن، بەڵام لەناویادا هیچ کۆمپانیایەکی ئێرانی نییە.
ئەمەریکا بەردەوام بە پاساوی پابەند نەبوون بە گەمارۆ و بڕیارەکان سزا بەسەر کۆمپانیا و دامەزراوەی وڵاتانی جیهان دەسەپێنت. سزکانیش زیاتر کۆمپانیا و دامەزراوەکانی رووسیا و چین و ئێران دەگرێتەوە.