کۆمپانیای ئیریکسۆنی سویدی بە 206 ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت

کۆمپانیای ئیریکسۆنی سویدی
کۆمپانیای ئیریکسۆنی سویدی

K24 - هەولێر:

کۆمپانیای ئیریکسۆنی سویدی ئاشکرایکرد، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکاوە بە بڕی 206.7 ملیۆن دۆلار سزای دارایی دراوە.

کۆمپانیای ئیریکسۆن رایگەیاند، بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسێکی گەندەڵی لە عێراق، ئەو بڕە پارەیە دەدات.

ئەم یەکلاییکردنەوەیە درێژەپێدەری رێککەوتنێکە کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2019 ئەنجامدرا و بەپێی ئەو رێککەوتنە کۆمپانیاکە یەک ملیار دۆلاری داوە بە دادگەی ئەمەریکا بۆ راگرتنی لێپێچینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە پێنج وڵاتی دیکە کە بریتین لە جیبۆتی، چین، ڤێتنام، ئەندەنوسیا و کوێت.

لە بەیاننامەیەکەی کۆمپانیای ئیریکسۆن کە شەوی رابردوو (3/2ـی ئاداری 2023) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، کە بە بڕی 206 هەزار و 728 هەزار و 848 دۆلار سزای دارایی دراون.

کۆمپانیای ئێریکسۆن تۆمەتبارە بەوەی کە دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی کە پەیوەندی بە پێدانی بەرتیلەوە هەیە لە عێراق ئاگادار نەکردووەتەوە.

دەسەڵاتی دادوەری جیهانی لە زۆر بواردا رێگە بە دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا دەدات زۆرێک لە دامەزراوە و کۆمپانیا بیانییەکان دادگایی بکات.

ئاژانسی فرانس پرێس لەبارەی وروژاندنی ئەم پرسەوە روونیکردەوە، کە ئەم پرسە لە مانگی شوباتی 2022 بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی لێکۆڵینەوە بە هەماهەنگی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی بنکۆڵکاری هاتووەتە ئاراوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە وایکرد کۆمپانیای ئیریکسۆن ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی بڵاوبکاتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019، کە تێیدا ئاماژە درابوو بە ئەگەری بوونی گەندەڵی لە چالاکییەکانی کۆمپانیاکە لە عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا.