محەممەد عەبدولقادر: سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران له پرۆژه‌ی هه‌ژماری من سوودمه‌ند ده‌بن

K24 – هه‌ولێر:
دوای راگه‌یاندنی پرۆژه‌ی هه‌ژماری من له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ به‌دیجیتاڵكردنی سیستمی دابه‌شكردنی مووچه له هه‌رێمی كوردستان، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی دارایی جه‌خت له سوودمه‌ندبوونی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (3ـی ئادار/مارسی 2023)، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، له‌باره‌ی سیستمی به‌دیجیتاڵكردنی دابه‌شكردنی مووچه له هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیستمه یه‌كێكه له پێشینه‌ی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
محەممەد عەبدولقادر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی دانراوه، تا دوو ساڵی داهاتوو ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و خزمه‌تگوزارییه سوودمه‌ند ده‌بن و ئاشكراشیكرد، تا نزیكه‌ی 10 بانكی ده‌توانن له‌و سیستمه به‌شداربن.
بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیستمه له به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌راندایه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نیا بۆ وه‌رگرتنی مووچه به‌كارنایه‌ت، به‌ڵكو له زۆر بواری دیكه‌شدا ده‌توانن سوودی لێوه‌رگرن.