قهتهر: ئیستغلال کردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ مەبەستی سیاسی هەڵەیە
K24 - هەولێر
ئهمڕۆ یەکشەممە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، سەرسوڕمانی خۆی لە دواکەوتنی گەیشتنی هاوکارییهكان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكهی سووریا دەربڕی و رایگەیاند، کە ئیستغلالکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ مەبەستی سیاسی هەڵەیە، بەوهۆیهوه رەخنەی له رژێمی سووریا گرت.
قەتەر یەکێکە لەو چەند وڵاتانەی ناوچەکە کە لە شەڕی ناوخۆی سووریادا پشتیوانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیان کردووە و پێشتریش رەخنەی لە هەوڵەکانی هەندێک وڵات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێم گرتبوو.
میری قەتەر لەمیانی کردنەوەی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە وڵاتانی تازه پێشكهوتوو لە دەوحە گوتی: هاوکاریکردنی سووریاییەکان بێ دوودڵی پێویسته، ههروهها پاڵپشتی هەوڵەکانی تورکیا بۆ دووباره بنیاتنانهوهی وڵات دهكهین.
شێخ تەمیم لە وتارەکەیدا گوتیشی: سەرم سوڕماوە لە دواکەوتنی گەیشتنی هاوکارییەکان به گهلی سووریا، قبوڵیشی ناكهین كارهساته مرۆییهكان بۆ مهبهستی سیاسی ئیستغلال بكرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکانی سووریا کردووه، کە رێگە بە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان بدەن، كه بۆ ئەوێ دەنێردرێت.
دەزگاکانی فریاگوزاری گلەیی له رژێمی سووریا دهكهن بهوهی سنووردار كراون، دەشڵێن: رژێمی سووریا دابەشکردنی هاوکارییەکان بە سیاسی دەکات، رێكخراوهكانی دیكهی فریاگوزاری.
ئاماژەیان بەوەشداوە: چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن رێگریان لە گەیاندنی هاوکارییهكان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کردووە، ئەمەش هەوڵەکانی فریاگوزاری زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.
قەتەر لە رێگەی تورکیاوە هاوکارییهكانی بۆ سوورییهكان دهنێرێت، ئیماراتیش راستەوخۆ به فڕۆكه کەرەستە مرۆییهكانی رهوانی سووریا كردووه.