پیاوێک بە مەستی دوو حەبی ڤیاگرا دەخوات و دواتر گیان لەدەستدەدات

ده‌رمانی ڤیاگرا
ده‌رمانی ڤیاگرا

K24 - هەولێر:

پیاوێک لە هیندستان دوای چەند کاتژمیرێک لە خواردنی دوو حەبی ڤیاگرا، بە جەڵتەی مێشک گیانی لەدەستدا.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی (news.com.au)، ئەو پیاوەی دوای خواردنی دوو حەبەکە گیانی لەدەستداوە تەمەنی 41 ساڵە، لە راپۆرتی پزیشکیدا دەرکەوتووە پێش ئەوەی ڤیاگراکە بخوات، مەست بووە و دواتریش فشاری خوێنی بەرزبووەتەوە و بە جەڵتەی مێشک گیانی لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەشدرا، لە پشکنینی پزیشکی دادوەریدا ئاشکرابووە، کە پیاوە 41 ساڵەکە تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە.

رووداوەکە لە هۆتێلێک لە شاری نیگاپور لە هیندستان روویداوە، پیاوەکە بە مەستی دوو حەبی 50 میللی گرامی بەناوی (سیلدێنافیل) خواردووە، کە لەژێر ناوی براندی ڤیاگرادا دەفرۆشرێت.

ئەو پیاوە دوای چەند کاتژمێرێک لە خواردنی دوو حەبەکە، تەندروستی باش نەبووە و چەند نیشانەیەکی وەک (رشانەوە، سەرئێشە) هەبووە، بەڵام رەتیکردووەتەوە بچێتە نەخۆشخانە، دواتریش تەندروستی تێكچووە و کاتێکیش گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ڤیاگرا، دەرمانێکە بۆ چارەسەرکردنی لاوازی سێکسی و چالاککردنی سووڕی خوێن بەکاردێت و، زیاتر لەلایەن پیاوانەوە بەکاردەهێندرێت.