بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی خواردنەوە كحولییەكان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

K24 - کەرکووک

بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی خواردنەوە كحولییەكان، لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراقەوە ئەگەرچی هێشتا كاریگەری لەسەر بازاڕی فرۆشیارانی ماددە كحولییەكان لە كەركووك دروست نەكردووە، بەڵام نیگەرانی لێكەوتووەتەوە و بە گوتەی مەیخۆرەكان لێكەوتەكانی بڕیارەكە خراپ دەبن و وادەكات پەنا بۆ بەكار هێنانی ماددەهۆشبەرەكانی دیكە ببەن.

فرۆشیارێکی خواردنەوە كحولییەكان لە کەرکووک دەڵێت: "بڕیار بە دەست حکومەتە قەدەغەی بکات یان نرخەکەی گران بکات، بەڵام ئەگەر حکومەت مەشروب قەدەغە بکات خەڵک پەنا بۆ ماددە هۆشبەرەکانی دیکە دەبەن".

مەیخۆرەكان، خواردنەوە بە خەمڕەوێن و فریادڕەس دەزانن بۆ لەبیر بردنەوەی خەم و ئازارەكانیان، پێیانوایە بە قەدەغەكردنی هێنانی خواردنەوە کحولییەکان بۆ ناو وڵات خەمێکی دیکەیان بۆ زیاد دەبێت. یەكێك لەو گەنجانەی بە گوتەی خۆی ماوەی 23 ساڵە كحول دەخواتەوە، نیگەرانە لە بڕیارەكە و دەڵێ: "رۆژێك نەخۆمەوە شەڕ بەدار و دیوار دەفرۆشم".

دەشڵێت: "ئەو رۆژانەی مەشروب دەخۆمەوە بە ئارامی دەچمە سەر ئیشەکەم، بەڵام ئەگەر نەخۆمەوە دەبێ پەنا بۆ دەرمانێکی دیکە ببەم".

بەپێی بڕیارێكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق، لە 4ی ئاداری 2023 دەرچووە، سەرجەم دەروازەكانی ئاگادار كردووەتەوە لە قەدەغەكردنی هێنانی هەمووجۆرە خواردنەوە كحولییە، بڕیارەكە بەشێك لە خەڵكی پێشوازییان لێكر دو بەشێكیش بەتوندی دژی وەستانەوە و بە پێشێلكردنی ئازادییەكانی تاكی دەزانن.