شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز چەند ناوچەیەکی کوردستان دەگرێتەوە
K24 – هەولێر
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور کاریگەری دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و لە هەندێک ناوچە لێزمە باران و تەزرە دەبێت و ئەگەری بەرز بوونەوەی ئاستی ئاو هەیە.
بەشی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "سبەى چوارشەممە لە ئێوارەدا نزمە پاڵە پەستۆى دەریای سوور روو لە بەشێک لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و کەرکووک دەکات، کاریگەرى ئەو شەپۆلە لە بەرەبەیانى رۆژى پێنج شەممە لەسەر بەشێک لەم ناوچانە بەهێز دەبێت (سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى ناوچە شاخاویەکان، بەرزنجە، دەربەندیخان، پێنجوێن، قەرەداغ، سەنتەرى هەڵەبجە) لەسەر ئەم ناوچانە بارانبارین دەگۆڕێت بۆ لێزمە بارانى بەردەوام و بەهێز لەگەڵ دروستبوونى هەورە تریشقە و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو هەیە لە کاتى دابارین هەندێک جار تەزرە بارین دەبێت، کاریگەرى ئەم شەپۆلە بە لاوازى لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەبێت، کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆى رۆژى پێنجشەممە کۆتاى دێت".