بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لە چەند ناوچەیەک ئەمڕۆ پشووە

K24 – هەولێر
لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەران، ئەمڕۆ لە سنووری هەندێک بەرێوەبەرایەتی پەروەردە کرایە پشوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە "بۆ سەلامەتی گیانی مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندرکاران، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە 9/3/2023، لە گشت ناوەندوەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی پشووی فەرمییە".
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەرمیان ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمیان راگەیاند.
شەوی رابردوو بەهۆی بارانبارین، لە سنووری سلێمانی و گەرمیان ئاو لە چەندین شەقام و شوێنی گشتی کۆبووەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەو شەپۆلەی بارانبارین کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەمڕۆش لە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت.