شارەوانی لە چەمەچەماڵ مەترسی لافاو تا 50 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکرێت

وێنەی لافاوەکەی چەمچەماڵ 'ئەرشیفی کوردستان24'
وێنەی لافاوەکەی چەمچەماڵ 'ئەرشیفی کوردستان24'

بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی مەترسی لافاو لە چەمچەماڵ رێڕەوە ئاوییەکان رێکدەخرێنەوە و گەرەنتی دەدرێت تا 50 ساڵی داهاتوو رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

لە چواچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی ئاوەڕۆ و باراناو و رێگری لە دووبارەبوونەوەی مەترسی لافاوەکەی ساڵی رابردوو، بە درێژی چەندین کیلۆمەتر رێڕەوی ئاوی لە چەمچەماڵ دروست دەکرێن.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان و ئەگەری دووبارەبوونەوەی مەترسییەکانی پار، ئەندازیار عەلی شێخ رەئوف، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ بە کوردستان24 ـی گوت: چەندین ئاوەڕۆی لوولەیی و باراناو لە دەروازەی شارۆچکەکە دروست کراون و چەندین پڕۆژەی دیکەی ئاوەڕۆیی بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی مەترسییەکانی لافاوی پار دروست دەکرێن و ئێستا دیزاینی پڕۆژەکان تەواو کراون و بەمزووانە دەچێتە قۆناخی جێبەجێ کردن. 

گوتیشی، ئەگەر پڕۆژەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن و هیچ گرفتێک روونەدات، دڵنیایی دەدەن لافاو لە چەمچەماڵ و شارەدێی شۆڕش دروست نابێتەوە و کێشەی مەترسی لافاو لانیکەم تا 50 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەبێت، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد، رێڕەوی ئاوی بە درێژایی 15 کیلۆمەتر دروست دەکرێن و بەربەستەکانی بەردەم ئەو شوێنانەی دەبنە هۆی لافاو، هەڵدەگیرێن. 

لە 9 ـی 12 ـی ساڵی 2025 لافاوێکی بەهێز شارۆچکەی چەمچەماڵی گرتەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی رێگاوبان، کشتوکاڵ، پەروەردە و ماڵی هاووڵاتییان گەیاند، بە گوێرەی لیژنەکانی هەڵسەنگاندن هۆکاری دروست بوونی لافاو بەو هێز و مەترسییەوە بۆ جوگرافیای ناوچەکە و کۆنی سیستەمی ئاوەڕۆکان و دروستکردنی خانوو لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان گەڕاندەوە، بۆیە شارەوانی چەمچەماڵ لە ئێستاوە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە دووبارە نەبێتەوە.