کۆریای باکوور: پاشەکشە لە چەکی ئەتۆمی ناکەین
کۆریای باکوور جارێکی دیکە داواکارییە هەرێمییەکانی بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی لە نیمچە دوورگەی کۆریا رەتکردەوە و رایگەیاند، جبەخانە ناوەکییەکەی بەردەوام دەبێت لە نوێکردنەوە و پەرەپێدان.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی رێبەری کۆریای باکوور، رەخنەی توندی لەو بەیاننامە هاوبەشە گرتووە، لە کۆتایی کۆبوونەوەی ساڵانەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی "ئاسیان" لە مانیلا بەڕێوەچووە. لەو بەیاننامەیەدا وڵاتانی بەشداربوو داوای داماڵینی تەواوەتی چەکی ناوەکییان لە کۆریای باکوور کردبوو.
کیم یۆ جۆنگ لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "هەڵوێستی کۆریای باکوور یەکلاکەرەوە و روونە؛ هێزی ناوەکی قەڵغانی کۆتاییە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و باڵاترین گرەنتییە بۆ بەرگریکردن لە وڵات."
هەروا گوتیشی: "پێگەی کۆریای باکوور وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ناوەکی بەرپرسیار، بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز و دەستەبەرکردنی ئاسایشی جیۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەدا، پێگەیەکی کۆتاییە و هیچ گەڕانەوەیەکی لێ نییە." جەختیشی کردەوە، پیۆنگ یانگ بەردەوام دەبێت لە نوێکردنەوەی تواناکانی.
کۆڕبەندی هەرێمیی ئاسیان تەنیا مینبەری ئەمنیی فرەلایەنەیە لە ناوچەکەدا کە هەردوو کۆریای باکوور و باشوور تێیدا ئەندامن، بەڵام پیۆنگ یانگ بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک لە کۆبوونەوەکەدا غائیب بوو. چاودێران پێیان وایە ئەم غیابە نیشانەی ئەوەیە کۆریای باکوور ئێستا زیاتر تیشک دەخاتە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا و چین.
کیم یۆ جۆنگ پێشتریش لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لێدوانی هاوشێوەی دابوو و رایگەیاندبوو، خاوەندارێتی چەکی ناوەکی بۆ وڵاتەکەی هێڵێکی سوورە و هیچ پاشەکشەیەکی لێ ناکرێت.