وەزیری بەرگری ئەمەریکا: دیپلۆماسیەت باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆم بەدەست نەهێنێت

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەبارەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا باسی لەوەکرد، چالاکییەکانی ئێران مایەی نیگەرانین و دووپاتیشی کردەوە کە نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاشکراشی دەکات، هاوکاری سەربازی نێوان رووسیا و ئێران قووڵتر بووە و گوتیشی: ئەمە ئاڵانگاری بۆ ناوچەکە و هاووڵاتییان دروست دەکات.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا راشیگەیاند، ئێران وەک هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری لە ناوچەکە ماوەتەوە، گوتیشی "لە پشتیوانییەکانی ئێران بۆ تیرۆر، پێشکەوتنەکانی لە بواری ئەتۆمەوە، دەستدرێژییەکانی لە دەریادا، هەڕەشە سایبیرییەکانی و زیادکردنی ژمارەی چەک و درۆنەکان مایەی نیگەرانین".

لۆید ئۆستن ئەوەی خستەڕوو، کە لەو باوەڕەدان دیپلۆماسیەت باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆم بەدەست نەهێنێت.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتە کە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

ناوبراو گوتیشی: کردەوەکانی ئێران نەک تەنیا هەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو ئاڵانگارین بۆ ناوچەکە و بۆ جیهان، لە پەرەسەندنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان رووسیا و ئێران نیگەرانین، وەک بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی بۆ کوشتن و تۆقاندنی هاووڵاتییانی ئۆکرانیا.