کەسوکاری ئەو هاووڵاتیەی دوای دەرزیلێدان گیانی لەدەستدا روونکردنەوە دەدەن

"مردنەکەی بەهۆی جەڵتەوە بووە، نەک بەهۆی دەرزیلێدانەوە"

قەزای بەردەڕەش
قەزای بەردەڕەش

K24 - هەولێر:

کەسوکاری ئەو هاووڵاتیەی لە قەزای بەردەڕەش دوای لێدانی دەرزییەک گیانی لەدەستدا رایانگەیاند، مردنەکەی بەهۆی جەڵتەوە بووە، نەک بەهۆی دەرزیلێدانەوە.

دوای ئەوەی هاووڵاتیەک بەناوی ئیسماعیل محەمەد ئەمین (67 ساڵ) لە قەزای بەردەڕەش دەرزییەکی لە جۆری "ئەمۆکسیلین" لەگەڵ خۆی بردووە و چووەتە نۆرینگەکە و لای پەرستارێک و داوای کردووە ئەو دەرزییەی بۆ لێ بدەن، پاش دەرزیلێدانەکە گیانی لەدەستداوە، پۆلیسی قەزاکەش پەرستارەکەیان دەستگیرکرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردەوە.

بەڵام دواتر کەسوکاری (ئیسماعیل محەمەد ئەمین) بە پەیامنێری کوردستان24ـیان راگەیاند، کە لە راپۆرتی پزیشکی دادی دەرکەوتووە، جەڵتە لێی داوە و بەهۆی دەرزیلێدانەوە گیانی نەمردووە.

ئاماژەیان بەوەشدا، ئیسماعیل محەمەد ئەمین نەخۆش بووە و پێشتریش هەمان پەرستار هەمان دەرزی بۆ لێداوە. 

راشیانگەیاند، کە ئەوان سکاڵایان لە هیچ لایەنێک نییە و مردنەکەی قەدەری خواییە و مرۆڤیش دەبێت بە قەدەری خوایی رازی بێت.