وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل: هێرشبەرەکەی تەلئەڤیڤ کوژرا
"هێرشەکە تیرۆریستی بووە"
K24 - هەولێر:
لە تەلئەڤیڤ کەسێک بە چەکەوە هێرشیکردە سەر خەڵکی سڤیل و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون، دواتریش هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.
پۆلیسی تەلئەڤیڤ رایگەیاند، هێرشبەرەکە دەستڕێژی گوللـەی لە خەڵکی سڤیل کردووە و سێ کەسی بریندار کردووە، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لەلای خۆیەوە رایگەیاند، هێرشەکە تیرۆریستیە و هێرشبەرەکەش لە شوێنی رووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
هێرشەکە لەکاتێکدایە هێشتا لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە ئیسرائیلە و داوای لە ئیسرائیل و فەڵەستین کرد دانبەخۆیاندا بگرن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان پێشبینی دەکرێت بەهۆی بەردەوامی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن ئیسرائیلەوە گرژییەکان روو لە زیادبوون بکەن.