حه‌مید حوسێنی: عێراق 18 ملیار دۆلاری ئێران قه‌رزاره
K24 - هەولێر:
ئه‌مینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبه‌شی نێوان ئێران و عێراق رایگه‌یاند، قه‌رزه‌كانی عێراق گه‌یشتووه‌ته 18 ملیار دۆلار.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، (10 ئاداری 2023)، حه‌مید حوسێنی، ئه‌مینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبه‌شی نێوان ئێران و عێراق به ئاژانسی "ته‌سنیم"ی ئێرانی راگه‌یاند، عێراق 18 ملیار دۆلاری ئێران قه‌رزاره، ئه‌م زانیاریه‌شمان له راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا وه‌رگرتووه.
حوسێنی ده‌شڵێت، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر رایگه‌یاندبوو ته‌نها 10 ملیار دۆلار قه‌رزیان له‌لای عێراقه.
ئه‌مینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبه‌شی ئێران و عێراق راشیگەیاند، عێراق پاره‌ی كاره‌با و گازی ئێران ده‌خاته سه‌ر هەژمارێکی بانكی به‌ناوی كۆمپانیای گاز و وزه‌ی نیشتیمانی، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه ئێران ده‌ستی به‌و پارانه بگات .
حوسێنی روونیشی كرده‌وه، پاره‌ی ئێرانی له بانكێكدایه كه ئه‌مه‌ریكا چاودێری ده‌كات، ته‌نها كه‌لوپه‌لی گه‌مارۆنه‌دراو رێگه پێدراوه هاورده بكرێت.
ئه‌و باسی له‌وه‌شكرد، له سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ واشنتن، ئه‌مه‌ریكا مۆڵه‌تی داوه ته‌نها 500 ملیۆن دۆلار بدرێته‌وه ئێران له‌و قه‌رزه‌ی له‌لای عێراقه.
كه‌ناڵی ئێران ئینته‌رناشناڵ، به پشتبه‌ستن به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ده‌ستیكه‌وتووه، بڵاویکردەوە، کە ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران راست ناکەن سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان له عێراق، هه‌روه‌ها بانكی بازرگانی عێراق ره‌تی كردووه‌ته‌وه تاوه‌كو ئێستا به‌داواكانی تاران رازی بێت.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه، حكومەتەكه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی ماوه‌ی دوو ساڵه زانیاری ناڕاستی سه‌باره‌ت به قه‌رزه‌كانی عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه.