کاردانەوەکانی رێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە
"پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل و سەرکەوتنێکی سیاسییە بۆ ئێران"
K24 - هەولێر:
دوێنێ هەینی، تاران و ریاز لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رێکەوتن و، بڕیارە هەردوو حکومەتی ئێران و سعوودیە لەماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە.
کارین ژان پییە گوتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بەرێککەوتنی ئێران و سعوودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان رایگەیاند، ئەمەریکا پێشوازی لە هەموو هەوڵێک دەکات بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی یەمەن و کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی: چارەسەری دیبلۆماسی و کەمکردنەوەی کێشە ئەجێندای سەرەکی کابینەی جۆو بایدنەوە لە سەردانەکەی مانگی 7ی ساڵی رابردووش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لەم خاڵانە کردەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلای خۆیەوە پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران کرد بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان.
هەروەها حکومەتی یەمەن باوەڕی دڵسۆزی خۆی بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیپلۆماسی و ئاشتیانە و پشتیوانی خۆی بۆ هەر ڕێبازێکی جددی بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە.
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێرانی بە "شکستێکی کارەساتبار و مەترسیدار لە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ئیسرائیل" وەسفکرد، کە لە ئێستادا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکایەتی دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا، نەفتالی بینێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل و سەرکەوتنێکی سیاسییە بۆ ئێران".
سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیاش، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، پیرۆزبایی لە ئێران، سعوودیە و چین کرد بە بۆنەی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تاران.
بۆگدانۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی رووسی ئاماژەی بەوەشکردووە، گەڕانەوەی پەیوەندییەکان هاوتەریبە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی رووسیا بە ئامانجی دامەزراندنی سیستمێکی ئەمنی لە ناوچەی کەنداو، کە گرنگییەکی ناوازەی هەیە لەسەر ئاستی ئابووری جیهانی.