سوید ئیدانه‌ی بڕیاری له سێداره‌دانی هاووڵاتییه‌كی له ئێران ده‌كات
"سزای له‌سێداره‌دان كارێكی نامرۆڤانه‌یه، به‌دواداچوون بۆ بڕیاره‌كه ده‌كه‌ن"
K24 - هه‌ولێر:
ستۆكهۆڵم ئیدانه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانی هاووڵاتییه‌كی (سوویدی – ئێرانی) به‌ناوی حه‌بیب شه‌عب ده‌كات، كه تاران به تۆمه‌تی تیرۆر دژی ده‌ریكردووه و به بڕیارێكی نامرۆڤانه‌ش وه‌سفی ده‌كات.
تۆبیاس بلیسترووم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه، سزای له‌سێداره‌دان كارێكی نامرۆڤانه‌یه، به‌دواداچوون بۆ بڕیاره‌كه ده‌كه‌ن.
گوتیشی: "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید و باڵیۆزخانه‌مان له تاران، زانیاریی چڕ و روون له‌باره‌ی ئه‌م كه‌یسه كۆده‌كه‌نه‌وه".
ده‌شڵێت: "هه‌وڵی زۆرمان داوه حه‌بیب ببینین، یاخوود له پرۆسه‌ی داگاییكردنه‌كه‌ی ئاماده‌بین، به‌ڵام بێسوود بوو".
لێدوانه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید دوای ئه‌وه دێت، كه ماڵپه‌ڕی میزان ئۆنڵاینی نزیك له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێرانی بڵاویكرده‌وه، دادگای ئێران بڕیاری له سێداره‌دانی دژی حه‌بیب شه‌عب، به‌تۆمه‌تی "بڵاوكردنه‌وه‌ی خراپه‌كاری" و سه‌ركردایه‌تیكردن بۆ گرووپێكی له‌یاسا ده‌رچوو، ده‌ركرد.
ناوبراو له‌ساڵی 2020ـه‌وه له ئێران ده‌ستبه‌سه‌ره‌و له‌میانه‌ی سه‌ردانێكی بۆ توركیا بێسه‌روشوێن بوو، دواتر له ئێران له نێو پرۆسه‌ی دادگاییكردن ده‌ركه‌وت.
ناوبراو هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئێرانی و سوویدییه و ستۆكهۆڵم به چالاكوان ناوی ده‌بات و تارانیش تۆمه‌تی تیرۆری خستووه‌ته پاڵ.