تۆمه‌تبارێك له ‌به‌غدا هه‌وڵیداوه‌ منداڵێك به‌ 13 هه‌زار دۆلار بفرۆشێت

بەغدا - ئەرشیف
بەغدا - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئه‌مرۆ دووشەممە، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری بە تاوانی جۆراوجۆر لە پارێزگاکانی بەغدا و ئەنبار راگەیاند، کە یەکێک لەوانە هەوڵی فرۆشتنی منداڵێکی داوە.

لە راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی عێراقدا هاتووە، " کەسێکیان ده‌ستگیركردووه‌ کە تۆمەتبارە بە تاوانی هەڵگرتنی بڕە پارەیەکی ساختە بە بڕی 17 ملیۆن و 625 هەزار دینار له ‌جۆری بیست و پێنج هەزار دیناری".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "تۆمەتبارێکی دیكه‌یان لە پارێزگای بەغدا ده‌ستگیركردووه‌ به‌ تۆمەتی ئه‌وه‌ی منداڵێكی تەمەن سێ مانگی پێبووه‌ و هەوڵیداوه‌ بە 13 هەزار دۆلار بیفرۆشێت ".

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دوو تۆمەتباری دیكه‌ بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە شوێنەوارەوە دەستگیرکراون.