ئۆتۆمبێلێك له ‌كه‌نه‌دا خۆی به‌ناو خه‌ڵكدا كێشا و 11 قوربانی لێكه‌وته‌وه‌

K24 - هەولێر

پۆلیسی کیوبیک رایگه‌یاند، رۆژی دووشەممە لە شارۆچکەی ئەمکێ لە ویلایەتی کیوبیک ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ خۆی به‌نێو خه‌ڵكدا كێشاوه،‌ دوو کەس گیانیان لەدەستداوه‌ و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.

هێلین سانت پیێر، گوتەبێژی پۆلیسی کیوبیک، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند، پیاوێکی تەمەن 38 ساڵ لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکراوە.

ده‌شڵێت: لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ دیاریکردنی هۆکاری رووداوه‌كه‌.

رووداوه‌كه‌ لە ناوەندی شاری ئامکێ روویدا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە شه‌ش هەزار کەسە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری کیوبیک له‌ كه‌نه‌دا.

شایەتحاڵەکان بە میدیا ناوخۆییەکانیان راگەیاندووە، ئۆتۆمبێلە پیکاپەکە به‌ر نزیكه‌ی 500 مه‌ترێك رۆیشت و خۆی بە ژمارەیەک کەسدا کێشاوە لەسەر شەقامێک.

پۆلیس رایگەیاندووە، ئەو دوو کوژراوە کە یەکێکیان تەمەنی شەستەکان بووە و ئەوی دیکەیان تەمەنی حەفتا ساڵان بووە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە سێ منداڵ لەنێو بریندارەکاندا هەن.

جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: دڵم لەگه‌ڵ هاونیشتمانەکانمه‌ لە کیوبیک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بیر لە هەموو ئەو کەسانە دەکەمەوە کە زیانیان بەرکەوتووە، لەکاتێکدا چاوەڕێی زانیاری زیاتر دەکەین سەبارەت بە رووداوە دڵتەزێنەکانی ئەمڕۆ".

لە سەرەتای مانگی شوباتدا کەسێک بە ئەنقەست پاسەکەی خۆی خستە ناو قوتابخانەیەکی نەمامگە لە نزیک شاری مۆنتریال و بەهۆیەوە دوو منداڵی تەمەن چوار ساڵان گیانیان له‌ده‌ستدا و شەش منداڵی دیکەش برینداربوون.

لە ساڵی 2018 لە شاری تۆرۆنتۆ کە گەورەترین شاری کەنەدایه‌ پیاوێک خۆی بەناو خەڵکدا کێشا و لە ئەنجامیدا، 11 کەس گیانیان له‌ده‌ستدا و 16 کەسیش برینداربوون.