كۆریای باكوور دوو مووشه‌كی بالیستی تاقیکردەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆریای باشوور رایگەیاند، كۆریای باکووری دوو مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای هەڵداوە، ئەمەش نزیکەی 48 کاتژمێر دوای هەڵدانی دوو مووشەکی دیکەی ژێردەریایی بووه‌.

سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور دوو مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای ئاراستەی دەریا کردووە لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، ئەمەش دوایین تاقیکردنەوەی چەک بووە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور رایگەیاندووه‌، ئەو دوو مووشەکە له‌ پارێزگای هوانگهای باشووری وڵاتەکەیەوە، نزیک کەناراوەکانی رۆژئاوای وڵاته‌كه‌ی هەڵدراون و مەودای نزیکەی 620 کیلۆمەتریان گرتووەتەوە.

هاوێشتنی ئه‌و مووشه‌كانه‌ی کۆریای باکوور دوو رۆژ دوای ئەوە دێت، کە کۆریای باکوور دوو مووشەکی کروزی ستراتیژی لە ژێردەریاوه‌ هەڵداوە، هەروەها کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد، کە مەشق و راهێنانەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن و وەڵامی "جەنگی راستەقینە" بداتەوە ئەگەر پێویست بوو.

رۆژی دووشەممە هێزەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا دەستیان بە مانۆڕێکی هاوبەشی 11 رۆژە کردووه‌، کە ناوی "قەڵغانی ئازادی 23"ی لێنراوە.

سوپای کۆریای باشوور،  بە توندی ئیدانەی كاره‌كانی کۆریای باکووری کردو ده‌ڵێت، هەڵدانی مووشەکەکان ئیستفزازێكی گەورەیه‌ و   هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دەکات و پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هاوپەیمانی کۆریای باشوور و ئەمریکا بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە، مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كان بەرەوپێش دەچێت، تەنانەت ئەگەر کۆریای باکوور هەوڵی پەکخستنی مانۆڕەکانی قەڵغانی ئازادیش بدات .