رۆژنامەی شەرقولئەوسەت: سوودانی لە هەوڵی بونیاتنانی قۆناغێکی نوێدایە لەنێوان هەولێر و بەغدا

مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی
مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت چاپی لەندەن بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی لە هەوڵی بونیاتنانی قۆناغێکی نوێدایە لەنێوان هەولێر و بەغدا.

سەبارەت بە یەکەم سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راپۆرتێکی رۆژنامەکەدا هاتووە، پاش ساڵانێک ململانێ، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هەنگاوی ئەرێنی ناوە و لە هەوڵی دروستکردنی کەشێکی بنیاتنەرانەدایە لەنێوان هەرێم و بەغدا.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو شاندە باڵایەی لەگەڵ سوودانی بۆ هەرێم هاتوون، پەیوەندییان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان و خواست بۆ چارەسەرکردنیان هەیە.

دوێنێ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها نوێنەری لایەن و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان چوار دیداری ئەنجامدا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە، لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، "گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازکرد".

سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاردانەوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتیان بەدیکرد و نووسیویەتی، "هەستمان بە خواستێکی جددی کرد بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو ئاواتی نەوەکانی گەلە خۆشەویستەکەمان لەهەموو شوێنێک".

Fly Erbil Advertisment