مەسرور بارزانی: دەمانەوێت خزمەتگوزاریی هەژماری من بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەموو شتێک لە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکات. ئەوەی ئێمە پێمانکراوە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی هەژماری من بە هەموو خەڵکی کوردستان بگات.

گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرباری پڕۆژەی هەژماری من:

ئایا هاووڵاتییان متمانەیان بە سیستەمی بانکی هەیە؟

دڵنیایی حکومەت بۆ ئەوان چییە؟

بەداخەوە تاکو ئێستا ئەوەی راستی بێت سیستەمێکی بانکی جێگیر لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نەبووە، هەندێک موئەسەسە هەبوون کاری بانکییان کردووە، بەڵام وەکو سیستەمی بانکی پێشکەوتوو کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیادا هەیە لە کوردستان و بگرە لە هەموو عێراقیشدا وەکو پیوێست نەبووە، بۆیەش ئەم متمانەیە دروست نەکراوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین هەم لەلایەکەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی قسەی زۆرمان کردووە و لەسەر ئەم بابەتە کاری زۆریشمان کرووە کە هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش لەبەینی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیدا هەبێت، لەلایەکی تریشەوە ئەم سیستەمە پێشکەوتووە بانکییەی کە لە دونیادا باوە، ئێمە بێنین لە کوردستان جێگیری بکەن و هەنگاوی پێویستیشی بۆ بهاوێژین. هەموو شتێک لە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکات. ئەوەی ئێمە پێمانکراوە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بە هەموو خەڵکی کوردستان بگات و لە ئەنجامی کارەکانیشدا هیوادارم ئەو متمانەیە بۆ خەڵک دروستبێت و خەڵک زیاتر روو لەو کەرتە بکەن و زیاتر سوودمەندبن لێی.

بانکی تایبەت دەتوانێت ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت؟

ئێمە بڕوامان بە که‌رتی تایبەت هەیە، بە بانکی تایبەتیش هەیە، بەڵام ئەوانە ئەو بانکانەن کە متمانەیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، کەواتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەبەینی بانکی ناوەندیی عێراق و ئەو بانکانە هەیە، کە ئێمە بەکاریان دەهێنین بۆ جێبجێکردنی ئەم پڕۆژەیە. لەبەر ئەوەشە کە ئەو بانکانە دەتوانن ئەم کارە بکەن و ئەو رێنماییانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ یان بانکی ناوەندیی هەیەتی لەسەر ئەو بانکانە جێبەجێدەکرێن و ئەوانیش پابەندەبن پێی.    

سوودەکانی ئەم پڕۆژەیە بۆ تاکی هاووڵاتی چین؟

لە هەموو شوێنێکی دونیا خەڵک هەیە دەچێت پارەی خۆی لە بانک دەدانێت، پێی وایە متمانەی پاراستنی سامانەکەی، پارەکەی لە بانک زیاترە، چونکە ئەبێت حکومەت بیپارێزێت. لە لایەکی ترەوە ئەو سوودانەی کە دەتوانێت لە بانک وەربگرێت، بۆ نموونە پارە کە لە بانک دایدەنێت بەشێکی ئەگەر وەکو پاشەکەوت بۆخۆی هەڵیگرێت سوودی دێتە سەر خۆی ئەوە دەستکەوتێکە بۆ ئەو هاووڵاتییە، لەلایەکی ترەوە ئەگەر سیستمی بانکی ئێمە بکەوێتەکار دەتوانێت وەکو قەرز پارە وەربگرێت، دەتوانێت لە ماوەی خۆیدا مووچەکانی خۆی وەربگرێت، دەتوانێت لە هەر شوێنێک دەتوانێت وەکو کارت سوودمەند بێت لە ئەکاونتی خۆی بۆ کڕینی ئەو کەرەستانەی کە پێویستە. ئەگەر هاووڵاتییەک بیەوێت سەفەری دەرەوە بکات، لە جیاتی ئەوەی خەمی ئەوەی بێت چۆن پارە ببات یان کێ بۆی تحویل بکات، دەکرێ متمانە بە کارتەکەی خۆی بکات و لە هەر کوێی دونیا بێت حیسابی خۆی بەکاربهێنێت، بانکەکەی خۆی بەرپرسە لەوەی حیسابەکەی بکەوێتەکار و ئیشەکەی پێ جێبەجێ بکات. لە زۆر رووەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، هاووڵاتی لە هەموو وڵاتانی دونیای پێشکەوتوو روویان لەوەیە کە چۆن سوودمەندبن لەو هاوکارییانەی کە بانک پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات، لێرە بەداخەوە تائێستا ئەم جۆرە شتانەمان نەبووە، ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆیە من پێم وایە ئەوە دەبێتە وەرچەرخانێکی گەورە لە بوژانەوەی ئابووری و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، لەلایەکی تریشەوە دەتوانێت یارمەتی خودی حکومەت بدات لە مەسەلەی شەفافیەتدا لە مەسەلەی رێگریکردن لە سپی کردنەوەی پارەیە لە زۆر شتی تر کە ئەم پەیوەندییە دروست بکرێت هەموو لایەک تێیدا سوودمەند دەبن.

ئایا ئەم سیستەمە نوێیەی بانک پەیوەندی بە پڕۆسەی چاکسازییەوە هەیە؟

ئەگەر ئابووری وڵاتێک هەموو پشتبەستنی لەسەر کاش بوو، هێنان و بردینی کاش زۆر زەحمەتە کۆنترۆڵ بکرێت، ئێمە بە تەماین ئەو پارەیە هەمووی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی لەژێر چاودێری فەرمی حکومەت و دامەزراوەکانی کە هەن ئەو کارە بکرێت، ئەمە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، لە هەرێمی کوردستانە لە حکومەتی فیدراڵییە بەستراوەتەوە بە تۆڕێکی نێودەوڵەتی کە چاویان لەسەرە لە ‌هێنان و بردن، مەبەست لێی رێگریکردن نییە لە هێنان و بردنی پارە، تەنیا ئەوەیە کە ئەو کەسەی پارەیەکی پاکی هەیە دەتوانێت زۆر بێ منەتی هەموو لایەک پارەکەی خۆی بەکاربێنێت، لێرە بەکاری دهێنێت دەیباتە دەرەوە، بەڵام بە شەفافیەت ئەو کارە دەکرێت. ئێمەش کە دەڵێین چاکسازی دەکەین چاکسازییەکەمان بۆ ئەوەیە زیاتر یارمەتی هاووڵاتییان بدەین و ئاسانکاریان بۆ بکەین، نەک بە زەحمەتتری بکەین، پێم وایە ئەم پرۆسەیە هەم هاوکاری هاووڵاتییان دەکات هەم لە رووی چاکسازییەوە هاوکاری حکومەت دەکات، هەم لە رووی چاودێری نێودەوڵەتیشەوە دەکرێت کوردستان بچێتە ئاستێکی زۆر بەرزتر لەوەی کە مامەڵە لەگەڵ پارەی کاش دەکرێت ئەمڕۆ.

گواستنەوە لە کاشەوە بۆ سیستەمێکی دیجیتاڵی بانکی چۆن هاوکاری ئابووری وڵات و حکومەت دەکات؟

خۆ ئەگەر تۆ رێگەی ئەوەت هەبێت بەشێوەیەکی (کرێدت) بتوانی لەجیاتی پارەی کاش، ئیش و کارەکانی خۆت راپەڕێنی ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێت هەم بۆ حکومەت هەم بۆ هاووڵاتی، لە جیاتی ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە سیولە یان کاش، ئەگەر لە شوێنێک کورتهێنان هەیە پێی ناکرێت لەسەری مانگ بدات یان پێی ناکرێت دابینی بکات، بەمشێوەیە کە کرێدت لە بانکدا هەبێت ئەم کێشەیە تاڕادەیەکی زۆر چارەسەر دەکرێت، چاوەڕوانی سیولە و کاش ناکرێت تەنیا ئەو پشتبەستن و کرێدتەی لە بانکدا هەیە ئەمە جێگرەوەی کاش دەبێت، لە سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوودا سیستەمی کرێدتی بانکی جێگرەوەی سیستەمی کاشە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا باوە، ئەمە یارمەتیەکی زۆر دەدات، چونکە ئەو پارەیە لەسەر حیسابی هەر هاووڵاتییەکدا دەبێت، بانک تەنیا یەک کەس نییە بە سەدان هەزار کەس حیساب لە بانک دەکەنەوە، ئەو پارەیە بانک بەکاری دەهێنێت، ئەبێت بە سوود بۆ بانک و حکومەت و هاووڵاتی، بۆیە ئەو پارەیە خۆی پارە دروست دەکاتەوە، لە کاتێکدا لە سیستەمی پشتبەستن بە کاش بێت مامەڵەکردن بە پارە سنووردارە، هەم لە رووی ئەمنییەوە لەوانەیە تۆزێک مەترسی زیاتری لەسەر بێت، لە هەموو رووێکەوە، ئەو سیستەمە لە هەموو دونیادا باوە ئێستا، هەنگاوی زیاتریشیان هاویشتووە نەک بەکارت، بەڵکو بەشێوەی ئیپەیمند و بەشێوەی تەلەفۆن کە ئێمە لە سەرەتاوە دامەزراندنی ئەم ژێرخانەین، کە ئەم ژێرخانە دروستبوو ئیتر هەنگاوەکانی دیکە زوو زوو دەنرێن، چونکە ئێستا زۆر کەسی گەنج بیر لەوە دەکاتەوە کە دەچێتە رێستورانتێک نان دەخوات لە جیاتی بە پارەی کاش یان کارت بەکاردەهێنێت کە لەوێ ئامێری خوێندنەوەی کارتەکە دەبێت هەبێت، ئێستا حکومەت خەریکە ئەو کارانە دەکات لەگەڵ ئەو بانکانەی کە هاوبەشن لەگەڵ حکومەت یانیش سیستەمی پێشکەوتووتر هەیە کە لە داهاتوودا دەکرێ سوودی لێوەربگیرێت، کە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی هەر بە تەلەفۆنەکەی خۆی دەتوانێت حەقی خۆی بدات بە خاوەنی رێستورانت یان هەر شوێنێکی دیکە، ئەمە هەموو ئاسانکارییەکی زۆرە بۆ هاووڵاتیی و سوودەکانیشی بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە.

مووچە وەرگرتن لە کاشەوە بۆ دجیتاڵی رەنگە گرفت بۆ بەشێک لە هاووڵاتییان دروست بکات، پلانی حکومەت چییە لەم بارەیەوە؟

جارێ ئەم پڕۆژەیە وەکو نموونە بۆ 850 کەسە، ئەم 850 کەسە خەریکن و دەچن مووچەی خۆیان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی وەردەگرن، ئەمە بۆیەش گوتمان وەکو پرۆسەیەکی نموونەیی بە 850 کەسی دەستی پێبکەین دواتر وردە وردە، بۆیەشە دوو ساڵمان بۆی داناوە تاکو لەو ماوەیە هەم حکومەت بتوابێت ئەو ژێرخانەی کە پێویستە لە دروستکردنی ATM و ئامێری خوێندنەوەی کارت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، لە لایەکی تریشەوە بتوانێت لەگەڵ خەڵکی خۆی قسە بکات و هاووڵاتییانی شارەزای ئەم سیستەمە ببن کەواتا جۆرێکی پەروەردە پێویستە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە بەشداربووەکان لەگەڵ بانکەکان بتوانن ئەم پەروەردە بە هاووڵاتییانی کوردستان بگەیەنن، هەم چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستەمەکە هەم خستنەڕووی سوودەکانی ئەم سیستەمە هاووڵاتی کە خۆی دەبینێت کە ئەم سیستەمە ئاسانکاری تێدایە و سوودێکی زیاتریشی تێدایە خواستی زیاتر دەبێت بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە، بۆیە ماوەی دوو ساڵمان بۆ داناوە تا بتوانن ئەمە بکەن، هیوادارم کەرتی تایبەتیش بەهەمان شێوە یارمەتیدەری حکومەت بێت ئەوانیش بێنە ناو ئەو پرۆسەیە و هیوادارم لەکاتێکی زۆر زوودا ئەمە بکرێت. ئەوەی دەیەوێت سوودمەند بێت لە خێروبەرەکەتی ئەم سیستەمە بێگومان تاکو زووتر بێت خۆی زیاتر سوودمەند دەبێت.

لەم قۆناغە تاقیکارییەدا تەنها کار لەگەڵ دوو بانک کراوە، ئایا لە شەش مانگی داهاتوودا بانکی دیکەش دەتوانن بەشداربن؟

هەروەک باسم کرد ئیمە ناومان لێناوە و ئێستا پرۆسەیەکی نموونەییە یان پڕۆژەیە، ئەمەی کە ئێستا دەستمان پێکردووە لەگەڵ دوو بانک تەنیا لەبەر ئەوە بووە کە ئەم دوو بانکە زیاتر ئامادەکارییان تێدا بووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڵام لە شەش مانگی داهاتوودا ئێمە رێگە دەکەینەوە بۆ هەر بانکێک کە بتوانێت ئەم کارە بکات و بەشدار بێت، ئامانجی حکومەتیش ئەوەیە بانکەکانی تریش بەشداربن کە رێگەپێدراوبن لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە، دواتر بۆ هاووڵاتییان خۆیان دەمێنێتەوە، لەگەڵ کام بانک دەیەوێت حیسابی هەبێت، حکومەت تەنیا یارمەتیدەر دەبێت لە خستنە سەر رێچکەی ئەم پڕۆژەیە دواتر بۆ بانک و هاووڵاتی بە جێی دەهێڵێت، کە هاووڵاتی لەگەڵ بانکی خۆی ئەو پەیوەندییەی دروست بکات، حکومەتیش تەنیا وەکو یارمەتیدەر دەتوانێت پاڵپشت و هاوکاری ئەم پڕۆژەیە بێت.

سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە چی ئامانجێک بەدەست دێنێت؟

ئامانجمان ئەوەیە بوژانەوەیەکی ئابووری لە کوردستان دروست بکەین، ئامانجمان ئەوەیە کوردستان بەرەو هەنگاوێکی زۆر پێشکەوتووتر هەنگاو بنێت، ئێمە تەنیا مەبەستمان ئەوە نییە مووچە بدەین، دەمانەوێت ژێرخانێکی ئابووری بەهێز دروستبکەین کە بوژانەوەی ئابووری لە هێنان و بردنی پارە لە حیساباتی بانکی یارمەتیدەری بوژانەوەی ئابووری بێت، کەواتا چاومان لەوەیە چۆن بەرەو ئایندەیەکی رووناکتر و گەشتر و ئابوورییەکی باشتر هەنگاوبنێین، ئەم سیستەمە هەتا یارمەتی وەربەر‌هێنەرە بیانییەکانیش دەدات، ئەگەر سیستەمێکی پێشکەوتووی ئابووری وە سیستەمێکی بانکی رێکوپێک هەبێت یارمەتی ئەوە دەدات چۆن خەڵکی تریش بێنە هەرێمی کوردستان، دروستکردنی ئەم ژێرخانە ئابوورییە زەرورەتێکە بۆ پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین ئەمە روئیایەکە بۆ داهاتووی کوردستان، کە چۆن ئێمە بتوانین لە قۆناغی ئێستادا بەرەو قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر بیبەین.

چۆن پێناسەی ئەم قۆناغە دەکەن؟

من پێم وایە کوردستان هەموو موستەلزەماتی هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەن ئابوورییەکی زۆر پێشکەوتوو، ئەگەر سەیری وڵاتان بکەین مەسەلەن وڵاتێکی وەکو سەنگاپوور تەنیا بە پێشخستنی سیستەمی بانکی خۆی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی توانی لە وڵاتێکی زۆر هەژارەوە ببێت بە وڵاتێکی زۆر زۆر پێشکەوتوو، ئێمە بۆ لە کوردستان نەتوانین ئەوە بکەین؟ پێم وایە دەتوانین بیکەین، وڵاتێکی وەکو کۆریای باشوور کە توانی لە وڵاتێکی هەژار ببێت بە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتوو، وڵاتانی کەنداو توانیان بە هەندێک گۆڕانکاری لە سیستەمی ئابووری لەگەڵ ئەو سیستەمەی چاکسازیەی کە ئەوان کردویانە و ئێمەش خەریکین، من پێم وایە کوردستان رێگەی تێدایە کە ببێت بە شوێنێک بۆ پێشکەوتنی ئابووری نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراق و هەموو ناوچەکەش، ئەوەی من دەیبینم داهاتووێکی زۆر گەشە بۆ کوردستان.

وتەکانی جەنابتان هاندەرن، ئایا لەو باوەڕەدان ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت؟

پێش هەموو شتێک بڕوام بە خۆمان هەیە، بڕوام بەو تیمانەیە کە لەگەڵ ئێمە کاردەکەن، بڕوام بەو روئیایە هەیە و تەنیا ئەوەیە کە ئێمە بتوانین بەردەوام بین و گوێ نەدەینە ئەو هەوڵانەی رێگریمان لێبکەن، چونکە بەرامبەر بەو هەوڵەی ئێمە کە دەمانەوێت کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، هەوڵێکی تر هەیە دەیانەوێت رێگەمان لێ بگرن، داوای من لە هاووڵاتییانەوە ئەوەیە متمانەمان پێبکەن، بڕوایان بەخۆیان هەبێت، بڕوایان بە وڵاتەکەی خۆیان هەبێت، بەیەکەوە دەست لەناو دەستی یەکتر ئێمە دەتوانین بەسەر هەموو ئەو تەحەدیاتانەدا سەرکەوین و کوردستان بگەیەنینە ئەو قۆناغەی کە شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.