بەشار ئەسەد: بوونی سەربازی رووسیا لە سووریا نابێت کاتی بێت
K24 – هەولێر
سەرۆکی سووریا لە مۆسکۆ رایدەگەیەنێت، بوونی هێزەکانی رووسیا لە وڵاتەکەی نابێت کاتی بێت.
ئاژانسی راگەیاندنی رووسیا، لە زاری بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریاوە، رایگەیاند، دیمەشق پێشوازی لە هەر پێشنیارێکی رووسیا دەکات، بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی نوێ یان زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لە سووریا.
ئەسەد بەسەردانێک لە مۆسکۆیە، هەروەها رایگەیاندووە، کە نابێت بوونی سەربازی رووسیا لە وڵاتەکەیدا کاتی بێت.
رۆژی چوارشەممە 15/3/2023، ئەسەد لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە کرێملین، پشتیوانی خۆی بۆ رووسیا دەربڕی لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا.
سەرۆکی سووریا بە هاوتا رووسییەکەی راشگەیاندووە، سەردانەکەی ئەنجامێکی بەرجەستە لە هاوکارییە ئابوورییەکان دەردەخات.
لای خۆیەوە سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، کە لە سایەی هەوڵە هاوبەشەکاندا ئەنجامی بەرچاو لە شەڕی دژی تیرۆر لە سووریا بەدیهاتووە.
پوتن، گوتیشی: خۆشحاڵم بە بینینی ئێوە لە مۆسکۆ، سوپاسی ئێوەش دەکەم کە ئەم بانگهێشتەتان قبووڵ کردووە، ئێمە لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین، و شاهیدی پێشکەوتنێکی گەورە دەبین لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەماندا.