کۆبوونەوەی ئەمنی فەڵەستین و ئیسرائیل لە میسر بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر
رۆژی یەکشەمەی داهاتوو، شاری شەرم شێخ لە میسر میوانداری کۆبوونەوەیەکی ئەمنی دەکات، بە ئامادەبوونی شاندی ئەمنی ئیسرائیل و فەلەستین لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا، ئوردن و میسر، بە ئامانجی گەیشتن بەو شوێنە نیشتەجێبوونانەی کە گەرەنتی ئارامیی فەڵەستین بکەن لە مانگی رەمەزاندا.
سەچاوەیەک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند: ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر هەردوو لایەنی ئیسرائیل و فەڵەستینی بۆ وەڵامدانەوە و پابەندبوون، بەشداری کردنیان لە کۆبوونەوەی شەرم شێخ لە میسر.
رۆژی 26ی شوبات، شاری عەقەبەی ئوردن، میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد، کە یەکەمین کۆبوونەوەبوو نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بە بەشداریی نوێنەرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتبوو، ئیسرائیل دەبێت هێرشکردنە سەر شارەکانی فەلەستین و ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتن رابگرێت.
لەماوەی دووھەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل چەندین ئۆپەراسیۆنی کردووەتە سەر فەلەستین، کە بەھۆیەوە 20 کەس کوژراون و بەدەیانیشیان دەستگیر کردووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی گوت: ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری CIA، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ھەوڵیداوە ھەردوولا کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی ئاشتی واژۆ بکەن بەر لە ھاتنی مانگی رەمەزان، بارودۆخەکە هێوربکەنەوە و هەستە ئایینیەکانی یەکتر ئیستغلال نەکەن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لە کەرتی رۆژئاوا بە قودسی رۆژهەڵاتیشەوە زیادیکردووە.