راوێژکاری ئەڵمانیا: زۆر گرنگە بە خێرایی تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا دەستەبەر بکرێت
K24 - هەولێر
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، زۆر گرنگە بە خێرایی تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا دەستەبەر بکرێت، رۆژنامەیەکی بەریتانیاش، فەرەنسا بە سستکردنەوەی پرۆسەکە تۆمەتباردەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، زۆر گرنگە بە خێرایی تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا دەستەبەر بکرێت، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی لەشکرکێشی رووسیا.
شۆڵتز لە وتارێکدا بۆ نوێنەرانی بوندستاغ گوتی: لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا لە هەفتەی داهاتوو، "لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانمان بڕیار لەسەر رێوشوێنی نوێ دەدەین بۆ دەستەبەرکردن و دابینکردنی تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، فەرەنسا تۆمەتبارکراوە بەوەی پاکێجێکی یەکێتی ئەوروپا بە بەهای دوو ملیار یۆرۆ بۆ کڕینی چەک بۆ ئۆکرانیا سستکردووەتەوە، ئەوەش بە پاساوی دروستکردنی تەقەمەنی لە یەکێتی ئەوروپادا.
دوێنێ چوارشەممە، رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئەوروپییەکانەوە رایگەیاندووە، کە پاریس گەرەنتی ئەوەی دەویست کە رێککەوتنی کڕینی چەک بە هاوبەشی، تەنها لە سوودی کۆمپانیاکانی ناو یەکێتی ئەوروپا بێت.