پارێزگاری هەولێر: نابێت نەورۆز و مانگى پیرۆزى رەمەزان بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەلەکان گران بکرێت

K24 - هەولێر:
پارێزگارى هەولێر دەڵێت: "نابێت رێگە بە هیچ کەس بدرێت، نەورۆز و مانگى پیرۆزى رەمەزان بقۆزێتەوە و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستیی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.3.16، بە سەرپەرشتیى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەقید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ رێگەگرتن لە گرانی نرخ و پێداویستی هاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ ئەنجامدرا.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە، "ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى هاتنى نەورۆز و مانگى رەمەزانى پیرۆزەوە جەختی لە چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ وکەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە و لێژنەی قائیمقامیەتى ڕاسپارد رێکاری توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن و رێگە بە هیچ کەس نەدەن بەهەر بڕ و بیانوێک بێت، نەورۆز و مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بەبازاڕ بکەن و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لەسەر هاوڵاتییان گران بکەن."
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە بارەى کرانەوەى خواردنگە و چێشتخانەکان لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، ئاماژەى بەوەدا "بە ڕێزگرتن لەو مانگە پیرۆزە و ڕۆژووانان، چێشتخانهكان ئازادن و خۆیان ئهو بریاره لهسهر خۆیان جێبهجێ دەكهن، تەنها بەشێوەیەک ڕێز لەو مانگە پیرۆزە بگرن."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: جەخت لەوە کرایەوە کە لەگەل هەڵمەتەکانى چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان، هەڵمەتى پشکنین و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و دهرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو چڕتر بکرێتەوە.