ئێران مەرجی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دیاری دەکات

 سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، وەڵامی ئەمریکایان بۆ داواکارییەکانی ئێران بە دڵ نەبووە.

سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە رێگەی پلاتفۆڕمی ئێکسـەوە رایگەیاند، "پێویستە ئەمریکا بە تەواوەتی و بە روونی وەڵامی حەوت مەرجەکەی ئێران بداتەوە و کار بۆ جێبەجێکردنیان بکات". ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوە تەنیا رێگەی کردنەوەی گەرووی هورمزە.

هاوکات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، راگرتنی جەنگ لەسەر هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ هەر رێککەوتنێک. بەقایی روونیکردەوە، قەتەر بەردەوامە لە هەوڵەکانی نێوەندگیری و بۆچوونەکانی ئێران و ئەمریکا دەگوازێتەوە، هەروەها دووپاتیکردەوە تا داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێن، گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە مومکین نییە.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە نیگەرانییەکان لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ روو لە زیادبوونە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵی دیپلۆماسیی چڕ هەن بۆ رێگری لە ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوەیەکی ئاگادار نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت لە گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بە رۆیتەرزـی راگەیاند، نێوەندگیرە قەتەرییەکان چاوەڕوان دەکەن لە ماوەی 36 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی هەردوو لا سەبارەت بە پێشنیارێکی نوێ بۆ پێشخستنی گفتوگۆکان وەربگرنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە پشتڕاستیکردەوە، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کەرەستەکانی بەرگریی ئاسمانی لە دوورگەی قەشمـی ئێران. ئەم هێرشە دوای ئەو راپۆرتانە هات باسیان لە هێرشی شەوی دووشەممە بۆ سەر ئەو دوورگەیە دەکرد دەکەوێتە گەرووی هورمز.

ترەمپ لە چەند هەفتەی رابردوودا ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردبوو، ئەوەش دوای ئەوەی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی ئەمریکا دووشەممە رایگەیاندبوو، لەوانەیە بیروبۆچوونەکەی لەوبارەیەوە بگۆڕێت.