سوپای پاسداران: بەبێ سنووری جوگرافی وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەدەینەوە
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی توندی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، لەسەر فەرمانی رێبەری باڵا لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دەستبەجێ، کاریگەر و بەبێ هیچ سنوورێکی جوگرافی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بدەنەوە
سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و تێیدا هاتووە بەڵگەنامە مێژووییەکان سەلماندوویانە دیپلۆماسی لە روانگەی ئەمریکاوە تەنیا پەردەیەکە بۆ دزەکردن، فریودان و باڵادەستبوون بەسەر ئێراندا؛ سوپای پاسداران واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئێستاش بە هەمان شێوازی دوژمنکارانە کار بۆ رووخاندنی دەسەڵات و "پارچەپارچەکردنی خاکی ئێران" دەکات.
سوپای پاسداران جەختی لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەید موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کردەوە و رایگەیاند: تەواوی رێنمایی و فەرمانەکانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەوپەڕی ئاستی بەرپەرچدانەوە لە کارنامەماندایە؛ لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێزە چەکدارەکان، ساتێکیش لە جێبەجێکردنیدا دوودڵ نابین. ئێستا ئامادەیی تەواوی جەنگیمان هەیە، بانکی ئامانجەکانمان نوێ کردووەتەوە و سەرجەم سامان و بەرژەوەندییە ماددی و ناماددییەکانی دوژمنمان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی ئاگرمانەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە کە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هەر ئاستێک لە هەڕەشە، بە شێوەیەکی دەستبەجێ و توند دەبێت و پابەندی هیچ سنوورێکی جوگرافی نابێت.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل دوای شکستیان لە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی پێشوودا، لە ترسی ئامادەیی سوپای ئێران تووشی بێئومێدی بوون و پەنایان بۆ جەنگی دەروونی و میدیایی بردووە.
سوپای پاسداران دووپاتی گوتەکانی رێبەری باڵای ئێرانی کردەوە و رایگەیاند: "رەزمەندەکان و پارێزەرانی نیشتمان خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایینن بۆ رووبەڕووبوونەوە، و وەک چۆن فەرماندەیی گشتی رایگەیاندووە: کات و مەرجەکانی کۆتاییهاتنی هەر هێرش و جەنگێکی دوژمن، تەنیا لە لایەن هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێرانەوە دیاری دەکرێت."