وەزارەتی دارایی ئاسانکاری زیاتر بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان دەکات

K24 – هەولێر

بە مەبەستی ئاسانکاری زیاتر بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان، نووسینگەیەکی دیکەی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی کرایەوە.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە درێژەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ کارئاسانی لە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی نووسینگەیەکی تری بە شێوازێکی پێشکەوتوو بە دابەشکردنی مووچەی ئەو چین و توێژانە کردەوە.

شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ زیاتر خزمەتکردنی توێژى خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رۆژی پێنجشەممە 16ى ئاداری 2023، نووسینگەی ژمارە پێنج لە سەنتەری شاری سلێمانی کرایەوە کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تیادا دابین کراوە و بە شێوەیەکی تەندروست و لە ماوەیەکی کورتدا ئەو چین و توێژانە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن".