دۆسییەی هەزاران فەرمانبەر و خانەنشین رەوانەی چاودێری دارایی دەکرێت کە دوو مووچەیان هه‌بووه‌

دۆسییەی هەزاران فەرمانبەر و خانەنشین رەوانەی چاودێری دارایی دەکرێت کە بە شێوەی نایاسایی دوو مووچەیان وەرگرتووە
دۆسییەی هەزاران فەرمانبەر و خانەنشین رەوانەی چاودێری دارایی دەکرێت کە بە شێوەی نایاسایی دوو مووچەیان وەرگرتووە

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسییەی هەزاران فەرمانبەر و خانەنشین رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات، کە بە شێوەی نایاسایی دوو مووچەیان وەرگرتووە.

لە میانەی راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دۆسیەی 4189 فەرمانبەر و خانەنشین رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکرێت، کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان وەرگرتووە.

وەزارەتی دارایی راشیگەیاند، بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە لیستی فەرمانبەران و خانەنشینان، کە ژمارەیان 10819، دە هەزار و هەشت سەد و نۆزدە مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون،  دوای تەواوکردنی رێککارەکانی یەکلاییکردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە، لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی ( 10819 ) دە هەزار و هەشت سەد و نۆزدە دۆسییەی دوو مووچەیی، دەرکەوت کە ( 4189 ) چوار هەزار و سەد و هەشتا و نۆ دۆسییەیان بە نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە، بەپێی ڕیزبەندی.

یه‌كه‌م: 1973 کەس بە نایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە.       

دووه‌م: 1849 کەس بە نایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە. 

سێیه‌م: 367 کەس بە نایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.   

وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسییەی سەرجەم ئەو مووچە خۆرە نایاساییانە بە داتا و زانیاری تەواو ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات، تا لە رێگەی دەستەکانیانەوە وردبینی لە رێککارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن، کە لە دوای ( 2020/7/1 ) بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە.

وەزارەتی دارایی هۆشداریش دەدات، کە پێویستە بەزووترین کات ئەو مووچە زیادانە لێیان وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.