سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار: لە رۆژانی داهاتوودا گەشتیاری زیاتر سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بارانبارین نابێتە رێگر لەبەردەم هاتنی گەشتیاران بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و پێشبیبی دەکات لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا گەشتیاری زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی ئادار 2023، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز و هاتنی گەشتیاران بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بارانبارین بۆ ماوەی رۆژێک، "نابێتە رێگر لە بەردەم هاتنی گەشتیاران بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان".

ناوبراو پێشبیبی دەکات لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا گەشتیارێکی زۆرتر سەردانی شوێنە گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و دەڵێت، "بەروارد بە ساڵانی رابردوو، رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان زیادی کردووە".

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ئاشکرانەکرد کە بۆ جەژنی نەورۆز سەردانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی هەینی 24ـی ئادار/مارسی 2023، ئامارەکە بەشێوەیەکی فەرمی رادەگەیەندرێت.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات شوێنە گەشتییارەکان پاک و خاوێنی ژینگە بپارێزن و پیسی نەکەن، بۆ ئەوەی دواتر هاووڵاتییانی دیکە بتوانن سەردانی ئەو شوێنە گەشتیارانە بکەن.