گەنجێک لە کەرکووک بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە چاوێکی لەدەستدەدات

K24 – هەولێر:

گەنجێکی شاری کەرکووک دوای ئەوەی بە مەبەستی ددانکێشان سەردانی پزیشک دەکات، تووشی هەوکردن دەبێت و دواتر چاوێکی لەدەستدەدات و ئێستاش تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە.

ئاری یوسف، گەنجێکی شاری کەرکووکە و بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی سەردانی پزیشکێکی ددانی کردووە و لە نۆرینگەکەی ددانیان بۆ کێشاوەم بۆی دەرکەتووە، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، خوێندکاری کۆلیژی پزیشکی ددان بوون نەک پزیشک و لە ئەنجامدا تووشی هەوکردنێکی زۆر بووە، تا کار گەیشتووەتە ئەوەی چاوێکیشی لەدەست بدات.

ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەشکرد. دوای چەند مانگێک لەو دۆخە تەندروستییە، بۆی دەرکەتووە تووشی شێرپەنجە بووە و بۆ ئەو مەبەستە سەردانی پزیشکی لە هەولێر و دەرەوەی وڵات کردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی زیاتر و وەرگرتنی چارەسەری پێویست و ئەوەیان بۆ دووپاتکردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو نەشتەرگەرییانەی پێشتر بۆ ددانی ئەنجامدراوە، کە هەوکردنێکی زۆری هەبووە، بووەتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە.

ئاری یوسف، کە ئێستا چارەسەی کیمایی وەردەگرێت و کاریگەی زۆری دۆخی تەندروستی لەسەر سیمای دەرکەتووە، ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 2018ـەوە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە لە بەڕیوەبەرایەتی تەندروستی کەرکووک و دادگا بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدەواتەوە و هەڕەشەشی لێکراوە، بۆ کشاندنەوەی سکاڵاکەی.

0
Fly Erbil Advertisment