رێژەی بێکاری لەناو گەنجانی بەسرە روو لە زیادبوونە

شاری بەسرە
شاری بەسرە

K24 – هەولێر:

شاری بەسرە بە سەرچاوەیەکی گرنگی نەوتی عێراق هەژماردەکرێت، بەڵام دانیشتووانەکەی بەدەست هەژاری و بێکارییەوە تووشی کێشەی ئابووری بوون، ژمارەیەک پەرلەمانتار دەیانەوێت لەپرۆژە یاسایی بودجەدا سندوقێکی تایبەت بۆ بەسرە دابندرێت.

رۆژانە لە بەسرەوە زیاتر لە سێ میلۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوەی عێراق دەکرێت، بەڵام پارێزگاکە بێ خزمەتگوزارییە و بەگوێرەی ئامارەکانیش، رێژەی هەژاری و بێکاریش بەردەوام لەزیادبووندایە.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارەکانی رێژەی هەژاری پارێزگای بەسرەی بڵاوکردەووەتەوە، کە رێژەی هەژاری تا دێت لە هەڵکشانە بەجۆرێک لە هەر خێزانێکی 10 کەسیدا چوار کەسیان لەخوار هێلی هەژارییەوە دەژین.

لە بەدواداچوونێکی کوردستان24ـدا دەرکەوتووە، لەناو بازاڕی بەسرە، هاووڵاتییان گلەییەکی زۆر لە بێکاری دەکەن و ئەوەش دەردەخات کە خەڵکێکی زۆر بێکارن و بەسڕاییەکان دەڵێن، دەبوو ئێستا لە هەموو عێراقەوە خەڵک بۆ کارکردن رووی لە ئێمە بکردایە بەڵام بەهۆی بێکارییەوە ئێمە روو لە پایتەخت دەکەین.

هاووڵاتییەکی شاری بەسڕا بەناوی کەرار وەلید، بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، "بەسرە شاری خێروبێرە، بە دایكی نەوت ناسراوە، بەڵام دەپرسم چەند دەروازەی هەیە؟ کوا داهاتەکانی؟ خەڵکەکەی هەژارە ئیش نییە بۆچی؟ ئێمە هەر بۆنی نەوت و پیسی کێڵگەکان ئەکەین".

هەروەها هاووڵاتی، موسلیم محێبس گوتی، "کوا نەوت؟ ئێمە نەوتمان نییە، تەنیا ئاومان هەیە، کوا ئایا نەوت دەبینن؟ کوا داهاتەکەی؟ کوا نەوتی ئێمە ژیانمانی گۆڕیوە؟ هەزار جار شوکر خوایە"

خەمی سەرەکی هاووڵاتییانی شاری بەسرە دەستکەوتنی کارە، لە کاتێکدا، رێژەی دانیشتووان لە گەشەکردندایە و نرخەکانیش لە بازاڕ بەهۆی ناجێگری بەهای دراو لە ماوەی رابردوودا، زیاتر لە پێشتر بەرزبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتار دەیانەوێت لە پرۆژەیاسای بودجەدا سندوقێکی تایبەت بۆ بەسرە تەرخانبکرێت، تا بەهۆیەوە بێکاری و هەژاری لەو شارەدا کەم بکرێتەوە، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق، رێژەی بێ کاری لەنێو گەنجانی بەسرە لە 40٪ تێپەڕیوە.

Fly Erbil Advertisment