گوتەبێژی پێشووی هێزەکانی هاوپەیمانان: ئێران دەیەوێت ئەمەریکا لە سووریا دەربکات
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی پێشووی هێزەکانی هاوپەیمانان پێیوایە پێنتاگۆن هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا زیاتر دەکات و جەختیشی لە پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە شەری دژ بە داعش کردەوە. دەشڵێت، "ئێران دەیەوێت ئەمەریکا لە سووریا دەربکات".
رۆژی شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆڵێنڵی خانەنشینکراوی سوپای ئەمەریکا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی 'کوردستان'ـی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و هێرشەکانی ئەم دواییەی "میلیشیاکانی سەر بە ئێران" بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە سووریا کرد.
لەبارەی وەڵامی ئیدارەی بایدن بۆ ئەو هێرشە مووشەکییانەی لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە سووریا کرانە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەو رەخنانەی لەنێوخۆیی ئەمەریکادا رووبەڕووی سەرۆکی ئەو وڵاتە بوونەتەوە، گوایە نەرمی لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا نواندووە، مایڵز کاگینز گوتی: پێموایە لەماوەی داهاتوودا وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا – پێنتاگۆن هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا زیاتر دەکات.
کاگینز دەڵێت، ئەمەریکا بە بۆردوومانکردنی پێگەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا، پەیامێکی بەهێزی بۆ ئەو وڵاتە و میلیشیاکانی ناردووە. جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو هێرشانەی "ئێران و میلیشیاکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) بەهیچ شێوەیەک لێخۆشبوونیان نییە و وەڵامیان دەبێت."
بەگوتەی ئەو کۆڵۆنێڵە خانەنشینکراوی سوپای ئەمەریکا، ئێران لە سووریا شەری لە دژی سوپای ئەمەریکا دەستپێکردووە و دەیەوێت "ئەمەریکا لە سووریا بکاتە دەرەوە"، بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر لوبنان و ئیسرائیل و بازرگانی بە چەک و ماددە هۆشبەرەکانەوە بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران هەمان ئامانجی ئەمەریکای بۆ تێکشکاندنی داعش نییە، بەڵام ئەوان بەردەوامدەبن لە تێکشکاندنی ئەو "رێکخراوە تیرۆریستییە". کاگینز هۆشداری دایە ئێران، کە نابێت ئەمەریکا تووڕە بکات، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، ئەو کات پێنتاگۆن بە شێوەیەکی تووند وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە دەداتەوە.
گوتیشی، ئەم هەفتەیە چوارەمین ساڵیادی تێکشکاندنی داعشە لە باغۆز، کە دواپێگەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بوو لە سووریا و بەو بۆنەیەوە، رایگەیاند، ئەمەریکا بەردەوامدەبێت لە پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو وڵاتە. روونیشیکردەوە، نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لەلایەن هێزەکانی هەسەدە لە سووریا دەستبەسەرکراون.
گوتەبێژی پێشووی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئێرانی بە "هێرشکردنە سەر خەڵکی بێ گوناح، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تیرۆرکردنی خەڵک و گواستنەوەی تووندوتیژی بۆ ناوچەکە" تۆمەتباردەکات و دەڵێت، بەهۆی ئەو چەندەوە ئەمەریکا سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، ئەوەش وایکردووە پەیوەندییەکانی نێوانیان هەموو کاتێک گرژییان تێبکەوێت.
لەبارەی نزیکبوونەوەی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادکردووە، ئەو چەندەش ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی نیگەران کردووە. دووپاتیشیکردەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی دەستی ئێران بەو چەکە نەگات.