وەزیری بەرگری تورکیا: 60 هەزار سووریی دوای بوومەلەرزەکە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
K24 - هەولێر:
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "نزیکەی 60 هەزار هاووڵاتیی سووریی کە دوای بوومەلەرزەکە کەسوکار و ماڵ و حاڵیان لەدەست دا، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان و هەرگیز رێگە بە هیچ پەڕینەوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکان نادەین".
ئاکار و شاندی یاوەری کە پێک هاتبوون لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی لە پارێزگای هاتای کە یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی مەڕەشی باکووری کوردستانەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، هێڵی سەر سنووریان بەسەر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی هێڵی سەر سنوور لە هاتای، ئاکار لەبارەی رۆژەڤەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی 60 هەزار هاووڵاتیی سووریا کە دوای بوومەلەرزەکە کەسوکار و ماڵ و حاڵیان لەدەست دا، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان و گوتی: "هەرگیز رێگە بە هیچ پەڕینەوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکان نادەین".
ئاکار لەبارەی ئاسایشی سەر سنوورەکانەوە گوتی: "هەوڵ دەدرێت بە تەماحی کەسی و گوتاری دوور لە راستی و چەواشەکارانە، ئاسایشی سنوورەکان بکرێت بە پرسێک کە مشتومڕی لەسەر بکرێت. ئەمە رەفتارێکی لەڕادەبەدەر هەڵەیە".