سوودانی و محەمەد بن سەلمان جەخت لە هەماهەنگی لە کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان دەکەنەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێنشینی سعوودیە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا، بەردەوامی هاوکاریی هاوبەشیان لە بوارە جیاجیاکان و کەرتەکانی ئابووری و وەبەرهێنان دووپاتکردەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە  "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا".

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسنگەی سوودانی، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە، هەروەها رێگاکانی پەرەپێدان و تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتییان کردووە کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامبوونی هاوکاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کراوەتەوە،  وەک کەرتەکانی ئابووری و وەبەرهێنان، لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی عێراق و سعوودیە.

Fly Erbil Advertisment