وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێران کۆدەبنەوە
K24 - هەولێر
رووسیا رایگەیاند، سبەی چوارشەممە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی مۆسکۆ دەکات، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا لە پەیجی خۆی لە تێلگرام رایگەیاند، هەردوو وەزیر دەرەوەی رووسیا و ئێران لە مۆسکۆ تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئاماژه ی بەوەشدا، چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا بارودۆخی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تاوتوێ بکەن، هەروەها بارودۆخی سووریا و پرسەکانی پەیوەست بە ناوچەی دەریای قەزوین، بارودۆخی ئەفغانستان، یەمەن، ناوچەی قەوقاز و ناوچەکانی کەنداوی عەرەبیش لەبەرچاو دەگیرێن، ئەمە جگە لە یەکلاکردنەوەی پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەشڵێت: رووسیا و ئێرانیش ئاساییکردنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە تاوتوێ دەکەن.