کۆشکی سپی رەتیدەکاتەوە ناتانیاهۆ سەردانی ئەمەریکا بکات

بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

کۆشکی سپی رەتیدەکاتەوە هیچ پلانێک لە چوارچێوەی بەرنامەیاندا لەبارەی سەردانی  بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا هەبێت.

ئۆلیڤیا دالتۆن، جێگری گوتەبێژ بەناوی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لە میانی لێدوانی رۆژنامەوانیی لەبارەی لێدوانی تۆم نیداس، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن،  کە گوتبووی لە ئایندەیەکی نزیکدا ناتانیاهۆ سەردانی ئەمەریکا دەکات، گوتی: "لە ئێستادا هیچ پلانێک لەمبارەیەوە نییە".

ئۆلیڤیا دالتۆن راشیگەیاند، ناتانیاهو وەک هەر سەرکردەیەکی ئسیرائیل سەردانی ئەمەریکا دەکات، بەڵام ئەم سەردانە لە ئێستادا لە بەرنامەدا نییە.

بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، پێشتر بەرپرسانی ئیدارەی واشنتۆن لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایانگەیاندبوو لە ئێستادا باشترە سەردانی واشنتۆن نەکات.

وێڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل، بەڵام تا ئێستا بایدن هیچ بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی ناتانیاهۆ نەکردووە بۆ دیداری لە کۆشکی سپی.

پێشتر سەرۆکەکانی ئەمەریکا لە دوای پێکهێنانی حکومەتەکانی ئیسرائیل بە ماوەیەکی کەم بانگهێشتنامەیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانەکانی ئیسرائیل دەکرد بۆ سەردانی کۆشکی سپی.