ئەمەریکا سزا بەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی سووریادا دەسەپەنێت

K24 - هەولێر

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر دوو قەوارە و شەش کەسدا سەپاند، کە پەیوەندییان بە سووریاوە هەیە، ئەو کەسانەی سزادراون بەهۆی بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە بووە، کە داهاتێکی زۆریان بۆ رژێمی سووریا بەدەست هێناوە.

بەهۆی پێویستی رژێمی ئەسەد بۆ دابینکردنی بودجە، ماددەی هۆشبەر بەتایبەتی کاپتاگۆن، بووەتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە داراییەکان بۆ سەرکردەکانی رژێنی سووریا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، گومان دەکرێت سووریا بووبێتە وڵاتی بەرهەمهێنەری هەناردەی کاپتاگۆن بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوروپاش.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت:  مەزەندە دەکرێت رژێمی سووریا لە بازرگانی کاپتاگۆندا،  یەک ملیار دۆلاری  دەستکەوتبێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، پێیوابوو کە ئەم سزایانە رۆڵی گرنگی بازرگانە لوبنانییەکان کەم دەکاتەوە، چونکە هەندێکیان پەیوەندیان لەگەڵ حزبوڵڵادا هەیە، کە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی کاپتاگۆن دەکەن.

سزاکان تیشکیان خستووەتە سەر هەژموونی بنەماڵەی سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد، لەسەر بازرگانی نایاسایی بە کاپتاگۆن و پارەدارکردن و سەرکوتکردن لەو وڵاتە، هەروەها لە لیستەکەدا سامر کەمال ئەسەد و وەسیم بەدیع ئەسەد لەخۆ دەگرێت.

هەروەها ئەوکەسانەی دیکە کە سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە، بریتی بوون لە عیماد ئەبو زریق کە سەرکردایەتی میلیشیایەکی سەر بە هەواڵگری سەربازی دەکات و بازرگانێکی سووری بەناوی خالید قەدوور، کە پەیوەندی لەگەڵ ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەد هەیە، حەسەن محەنمەد دقۆ، کە خاوەنی دوو رەگەزنامەی سووری و لوبنانییە و لە میدیاکاندا بە "پاشای کاپتاگۆن" ناودەبرێت، ئەمە جگە لە نوح زەیتەری لوبنانی کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ هەسەدە هەیە.

هەروەها سزاکان دوو کۆمپانیای لوبنانی دەگرێتەوە بە ناوەکانی "حەسەن دقۆ بۆ بازرگانی" و "دامەزراوەی ئیسرا بۆ هاوردە و هەناردەکردن".