سوودانی جەخت لە گرنگی یاسای بیمەی تەندروستی دەکاتەوە

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لە گرنگی یاسای بیمەی تەندروستی و سووربوونی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئاداری 2023، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، میکانیزمەکانی تۆمارکردن لەسەر فۆڕمی بیمەی تەندروستی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە دەستیپێکردووە، پەیڕەوکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد،  سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فۆڕمی ئەلیکترۆنی ناوی خۆی تۆمارکردووە، هەروەها ناسنامەی بیمەی تەندروستی بۆ ژمارەیەک وەزیر دەرکردووە، ئەمەش لە هەنگاوێکە بۆ پاڵنانی سەرجەم هاووڵاتیان بۆ ناو تۆمارکردن لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی بیمەی تەندروستیدا.

سوودانی، جەختی لە گرنگی یاسای بیمەی تەندروستی و سووربونی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کردەوە و گوتیشی: ئەمە بەشێکە لە چاکسازییەکانی حکومەت لە کەرتی تەندروستیدا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لە هەموو هاووڵاتییان کرد، پەلە بکەن بۆ ناونووسین لەسەر ئەو فۆڕمە ئەلیکترۆنییەی کە لە لایەن وەزارەتەوە دەستیپێکردووە، بۆ جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی، کە ئامانج لێی پاڵپشتی هاووڵاتیانە لە بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری و چاودێری تەندروستی لە دامەزراوە پزیشکییە حکومییەکان و تایبەتەکانیانەوە، بەو نرخانەی کە لەلایەن وڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێن.