کریملن: هەندێک بەندی دەستپێشخەرییەکەی چین بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئۆکرانیا ناتواندرێت جێبەجێ بکرێن
K24 - هەولێر:
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن رایگەیاند، بەشێک لە بەندەکانی دەستپێشخەرییەکەی چین بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئۆکرانیا، بەهۆی هەڵوێستی کێیڤەوە ناتواندرێت جێبەجێ بکرێن.
پێسکۆڤ لە مۆسکۆ پایتەختی رووسیا لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و دەربارەی دەستپێشخەرییەکەی چین بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئۆکرانیا، باسی لەوە کرد کە دەستپێشخەرییەکە نەوەستاوە، بەڵام بەشێک لە بەندەکانی ناتواندرێت جێبەجێ بکرێن.
گوتەبێژەکەی کریملن گوتیشی: "لێرەدا هەندێک بەند هەن کە بەهۆی ئەوەی ئەستەمە حکومەتی ئۆکرانیا لە فەرمانی بەرپرسان و فەرماندەکانی دەربچێت، ناتواندرێت جێبەجێ بکرێن. ئەم فەرماندانە لە کیێڤ نین و پێداگریی دەکەن لەسەر بەردەوامیدان بە جەنگ".
پێسکۆڤ باسی لە بیرۆکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ناردنی "هێزی ئاشتی پارێز" بۆ ئۆکرانیا کرد و رایگەیاند: "بەگوێرەی یاسا لە جیهاندا ئەم جۆرە هێزانە بە رەزامەندی هەردوولایەنی بەشەڕهاتوو بەکاردەهێندرێن، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا ناردنی ئەم هێزانە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە".