سێ کورد کاندیدن لە ‌هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند

کاندیدە کوردەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند
کاندیدە کوردەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند

K24 – هەولێر:

سبەی یەکشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وڵاتی فینلاند بەڕێوەدەچێت و سێ کوردیش کاندیدن و سانا مارینی سەرۆک وەزیرانی فینلاندیش لە هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەیدایە.

رۆژی (2ـی نیسان/ئێپرێلی 2023)، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە فینلاند بەڕێوەدەچێت و تیایدا 10 پارت ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی 200 کورسی پەرلەمان دەکەن، سانا مارین کە بەگەنجترین سەرۆک وەزیران لە ئەوروپا دادەنرێت سەرۆکایەتی پارتی سۆشیال دیموکرات دەکات لە هەڵبژاردنەکان،  ئەو ژنە سیاسەتمەدارە کە لەساڵی 2019 وە سەرۆک وەزیرانی فینلاندایە، پشت ئەستوورە بەوەی لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا وڵاتەکەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێپەڕاند، هەروەها توانی سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ رازیبکات بەوەی ئەندامێتی فینلاند لەو هاوپەیمانییەتە سەربازییە پەسەند بکەن.

لە بەرامبەردا، ئەو پارتانەی دژی سانا مارین وەستاونەتەوە لەم هەڵبژاردنەدا، راستڕەوەکانن و  بە دژە پەنابەرەکان ناسراون، چونکە وەک خۆیان باسی دەکەن نەیتوانیوە یاسای کۆچ وەک خۆی جێبەجێ بکات.

لە دوایین راپرسیشدا دەرکەوتووە، پارتی سۆشیاڵ دیموکرات بەسەرۆکایەتی سانا مارین بە جیاوازییەکی کەم لەپاش پارتی راستڕەوەکانەوە بەسەرکردایەتی پێتری ئۆرپۆ.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵی فینلانددا، دوو هەزار و 424 لە 11 ناوچە کاندیدن بۆ ئەندامییەتی پەرلەمانی فینلاند و چوار ملیۆن و 300 هەزار فینلاندیش مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش زیاتر لە 200 هەزار پەنابەر لە فینلاند مافی دەنگدانیان هەیە.

هەر لەو هەڵبژاردنەدا، سێ خانمی کورد کاندیدن و رکابەری دەکەن لەسەر بردنەوەی کورسی لە پەرلەمانی داهاتووی فینلاند. کە ئەوانیش هەریەکە لە (گەشاو بیبانی، شەیدا سۆهرابی و شیرین نامق)ـن.

گەشاو بیبانی لە  بازنەی ئۆسیما (ئێسپۆ، ڤانتا و چەند شاری تری دەرەوەی هێلسینکی) لە پارتی چەپ کاندیدە. کە خۆی لەدایکبووی شاری کەرکووکە و لە ساڵانی نەوەتەکانەوە لە فینلاند دەژی. ئەو کاندیدە کوردەی پارتی چەپ، بڕوانامەی زانکۆیی لە بواری گەشەپێدانی تەندروستی تەواوکردووە و پێشتر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەشدار بووە.

شەیدا سۆهرابی لە بازنەی هێلسینکی کاندیدی پارتی کۆکۆموسە لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی فینلاند کە لە پێنج پارت پێکهاتوون و سەرۆکی هەر پێنج پارتەکەش ئافرەتن. سۆهرابی لەدایکبووی سەرپێلی زەهاوە و لەگەڵ خێزانەکەی لە روومادی ئاوارە بوون، لە ساڵانی نەوەتەکانەوە لە فینلاند دەژی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان.

شیرین نامق لە بازنەی واسا (واسا، کۆککۆلا، سێینەیوکی) کاندیدی پارتی سەوزە و لەدایکبووی شاری کەرکووکە و لە ساڵانی نەوەتەکانەوە لە فینلاند دەژی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە رۆژنامەوانیدا.