رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکات
K24 - هەولێر:
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی نیسانی 2023، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 5ـی نیسانی 2023 بڵاوکردەوە، کە کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی کارنامەکە، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 2ی نیسانی 2023، نووسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـی رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد.
رۆژی دووشەممە 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 نیشان دا.
پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.
رۆژی سێشەممە 14ـی ئاداری 2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند: "کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، دەگاتە 63 ترلیۆن دینار كه لە سەرچاوەی دیکەوە پڕ دەکرێتەوە لەوانە، ئەو بڕە پارەیەی كه لە وەزارەتی دارایی لە پشکی خولاوی گەنجینە لە بانکی ناوەندیی، قەواڵە و قەرزی ناوخۆ کۆکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: "لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە؛ لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگهی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت".
باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.